ناس کورد-
بڕیارە کاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2021، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق زانیاری و وردەکاریی هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرا بکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پێشتر و لە 26ی تشرینی دووەمی 2021، موشریق عەباس، ڕاوێژکاری سیاسیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چەند بەڵگە و زانیارییەک لەبارەى هەوڵی شکستخواردووی تیرۆری کازمی بڵاودەکەنەوە.
موشریق عەباس لە تویتەری خۆی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، هەندێک ڕاستی و ڤیدیۆ و وێنە و بەڵگە لەبارەى ئەو کردە خیانەتکارانە بڵاودەکەینەوە کە تیرۆرستان کردیانە سەر ماڵی مستەفا کازمیی سەرۆکوەزیران، گوێ بە هەوڵەکانی شێواندن نادەین، وەک چۆن بەداخین بۆ هەندێک بەبێ ئاگاییەوە پێی کاریگەر دەبن، ڕاستی نامرێت."
تویتەکەی موشریق عەباس وەک وەڵامێک بوو بۆ موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر کە ڕایگەیاندبوو، ڕووداوی هێرشی موشەکی بۆسەر ماڵی سەرۆکوەزیران دەستدرێژییە بۆسەر سەروەری و شکۆی دەوڵەت، بۆیە دەبێت هێرشبەران ئاشکرا بکرێت.
سەدر لە تویتێکیدا (26ی تشرینی دووەمی 2021) داوای ئاشکراکردنی لێکۆڵینەوەکان دەکات و "تیرۆرستان دەستگیربکرێت."
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆ، بەرەبەیانی ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی 2021، شوێنی مانەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا بە سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دووچاری هێرشی موشەكی بوویەوە، لە ئەنجامیشدا هەندێك لە پاسەوانەكانی بریندار بوون.
لەپاش هێرشەكە مستەفا كازمی لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا دەركەوت و ڕایگەیاند، "ماڵەكەم دووچاری دوژمنكارییەكی ترسنۆكانە بووەتەوە، سوپاس بۆ خوا خۆم و ئەوانەی لەگەڵما كار دەكەن سەلامەتن".
هەروەها وتیشی، فڕۆكەی بێفرۆكەوان و موشەكی ترسنۆكانە وڵات بنیات نانێن، ئێمە لە ڕێگای دەزگاكانی دەوڵەتەوە خەریكی بنیاتنانی دەوڵەتی خۆمانین، داوا لە هەموو لایەنەكانیش دەكەن دیالۆگ بكەن لە پێناو عێراق و ئایندەی عێراق.
هەوڵی تیرۆركردنی كازمی پاش ڕۆژێك لە گرژییە ئەمنییەكانی بەردەم ناوچەی سەوز دێت كە تێیدا لایەنگرانی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران و چەكدارە خۆپیشاندەرەكانیان دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بەرەنگاربوونەوە و چەند كوژراو و بریندارێكی لێ كەوتەوە، بەدوایدا سەرانی گروپەكان هەڕەشەی توند و ڕاستەوخۆیان ئاراستەی مستەفا كازمی كرد.