ناس کورد-
وه‌زارەتی گواستنه‌وه و گه‌یاندنى حكومه‌تى هه‌رێم بڕیاری دا، وادەی لێدانی لۆگۆ و لەزگەی تاکسی تاوەکو مانگێکی دیکە درێژ بکاتەوە و دەڵێت، دوا وادە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵە و لەدوای هەرکەس لۆگۆ و لەزگەی لێنەدابێت سزا دەدرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیرى گواستنه‌وه و گه‌یاندنى حكومه‌تى هه‌رێم (دووشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2021) لهكۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگەیاند، "ماوەی پێدانی فۆڕمی لۆگۆ و لەزگەی تاکسی بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژکرایەوە."
وتیشی، " كۆتا واده‌ى وه‌رگرتنى لۆگۆ و له‌زگه و كارتى زانیاریی تاوەکو 1ى 1ى 2022 و هیچ واده‌یه‌كى دیكه درێژ ناكرێته‌وه."
ڕوونیشیکردەوە، "له1ى 12 تاوه‌كو 1ى 1 مۆڵه‌ت ده‌درێت كه سه‌ردانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى گواستنه‌وه و گه‌یاندنى پارێزگاكان بكه‌ن بۆ پڕكردنه‌وه‌ى فۆڕمى زانیاریی، چونكه له‌سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتووەوە هەرکەس لۆگۆ و لەزگەی لێنەدابێت سزا دەدرێت."
وه‌زیرى گواستنه‌وه ئەوەشی خستەڕوو، "تا ئێستا 52%ى تاكسییه‌كانى هه‌ولێر و 50%ى دهۆك و 20%ى سلێمانیش هه‌موو ڕێكاره‌كانیان ته‌واو كردووه."