ناس کورد-
نوێنەرى رێکخراوى تەندروستى جیهانى لەعێراق داوا لە هاوڵاتییان دەکات چوار هەنگاوى خۆپارێزى جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەى بەدوربن لەنەوەى گۆڕاوى کۆرۆنا کە جیهانى توشى شڵەژان کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەحمەد زویتین نوێنەرى رێکخراوەکە بە ئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاند "کۆرۆنا گۆڕاوەکە میکرۆن سێ جیناتى هەیە، کە دوانیان لە پشکنینى PCR دەردەکەون، بەڵام سێیەمیان دەرناکەوێت وەکو نەوەى ئەلفاى بەریتانى.
وتیشى کاریگەرى ڤاکسینەکان دژى ئەو نەوە نوێیە، هەمان کاریگەریی ڤاکسینەکانە بۆ سەر نەوەکانى پێشوو.
نوێنەرەکەى تەندروستى جیهانى داوا لە عێراقییەکان دەکات چوار رێکار بگرنەبەر بۆ خۆدورگرتن لەو نەوە نوێیە، کە بریتین لە بەستنى دەمامک، دورکەوتنەوەى کۆمەڵایەتى، شتنى دەست، وەرگرتنى ڤاکسین.
پێشتر وەزارەتى تەندروستى عێراق رایگەیاند، دواى دەرکەوتنى نەوەى گۆڕاوى کۆرۆنا پێویستە هاوڵاتییان پەلە بکەن لە وەرگرتنى ڤاکسین و پابەندبن بە رێنمایی و بڕیارەکانى پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسەکەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتەکە کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، پێویستە هاوڵاتییان پابەندبن بە بەستنى دەمامک و دورکەوتنەوەى کۆمەڵایەتى بەتایبەتى لەشوێنە قەرەباڵغەکان.
هەروەها جەختیکردووەتەوە کە پێویستە سەرجەم دامەزراوە حکومى و تایبەتەکان رێگە نەدەن ئەو کارمەند و هاوەڵانەى نەخۆش بچنە نەخۆشخانەکان کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە یاخود پشکنینى پی سی ئاریان نەکردووە.
وەزارەتەکە داواشى لە قوتابخانە و زانکۆکان کردووە هاریکارى وەزارەت بن بۆ گرەنتى جێبەجێکردنى بڕیارەکانى لیژنەى باڵاى تەندروستى و سەلامەتى.