گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

لێدوانێکى توند لە خەزعەلییەوە لەبارەى تۆمەتبارى هەوڵى تیرۆرکردنى کازمى

2021.11.28 - 19:29
App store icon Play store icon Play store icon
لێدوانێکى توند لە خەزعەلییەوە لەبارەى تۆمەتبارى هەوڵى تیرۆرکردنى کازمى

ناس کورد-

قەیس خەزعەلى ئەمیندارى گشتى عەسائیبى ئەهلى حەق رایگەیاند، مافى پارێزبەندى نادرێتە هیچ کەسێک کە تێوەگلانى بسەلمێنرێت لە تاوانى هێرشکردنە سەر ماڵى مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

خەزعەلى لەوتەیەکى تەلەفزیۆنیدا (28 تشرينى دووەمى2021) وتى "بەڵێن دەدەم هیچ کەسێک نەپارێزم دواى ئەوەى بەشداریکردنى لەو تاوانە بەسەریدا دەسەپێنرێت".

 

وتیشى "فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانم ئاگادارکردووەتەوە کە تیمى تەکنیکى ئێمە ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوەکان".

 

خەزعەلى دەشڵێت "هەوڵدان بۆ تۆمەتبارکردنى گروپەکانى بەرگرى لەو تاوانە بەبێ بەڵگە یاریکردنە بە ئاگر و راکێشانى وڵات بۆ فیتنە و قەیران".

 

ئەوە لەکاتێکدایە، موشریق عەباس، ڕاوێژکاری سیاسیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق 26ی تشرینی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چەند بەڵگە و زانیارییەک لەبارەى هەوڵی شکستخواردووی تیرۆری کازمی بڵاودەکەنەوە.  

  

موشریق عەباس لە تویتەری خۆی ئاماژەى بەوەکردووە، "هەندێک ڕاستی و ڤیدیۆ و وێنە و بەڵگە لەبارەى ئەو کردە خیانەتکارانە بڵاودەکەینەوە کە تیرۆرستان کردیانە سەر ماڵی مستەفا کازمیی سەرۆکوەزیران، گوێ بە هەوڵەکانی شێواندن نادەین، وەک چۆن بەداخین بۆ هەندێک بەبێ ئاگاییەوە پێی کاریگەر دەبن، ڕاستی نامرێت."  

  

بەرەبەیانی ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی 2021، شوێنی مانەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا بە سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دووچاری هێرشی موشەكی بوویەوە، لە ئەنجامیشدا هەندێك لە پاسەوانەكانی بریندار بوون.  

  

لەپاش هێرشەكە مستەفا كازمی لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا دەركەوت و ڕایگەیاند، "ماڵەكەم دووچاری دوژمنكارییەكی ترسنۆكانە بووەتەوە، سوپاس بۆ خوا خۆم و ئەوانەی لەگەڵما كار دەكەن سەلامەتن".  

  

هەروەها وتیشی، فڕۆكەی بێفرۆكەوان و موشەكی ترسنۆكانە وڵات بنیات نانێن، ئێمە لە ڕێگای دەزگاكانی دەوڵەتەوە خەریكی بنیاتنانی دەوڵەتی خۆمانین، داوا لە هەموو لایەنەكانیش دەكەن دیالۆگ بكەن لە پێناو عێراق و ئایندەی عێراق.  

  

هەوڵی تیرۆركردنی كازمی پاش ڕۆژێك لە گرژییە ئەمنییەكانی بەردەم ناوچەی سەوز هات كە تێیدا لایەنگرانی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران و چەكدارە خۆپیشاندەرەكانیان دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بەرەنگاربوونەوە و چەند كوژراو و بریندارێكی لێ كەوتەوە، بەدوایدا سەرانی گروپەكان هەڕەشەی توند و ڕاستەوخۆیان ئاراستەی مستەفا كازمی كرد.