ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکى یەکێتی داوا دەکات "دۆسیەی ئەمنی ناوچەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە ھاوبەشی، بە سیاسەت و تێڕوانینێکی ترەوە لەپێناو سەقامگیریی، ئاسایش و ئارامی زیاتر بەڕێوەببرێن."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بافڵ تاڵەبانی لە پەیامێکدا بەهۆی هێرشی شەوی ڕابردووی داعش لە کوڵەجۆ و گیانلەدەستدانی پێنج پێشمەرگە ڕایگەیاند، "وێڕای سەرکۆنەی ئهم پەلامارە تیرۆریستییە، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قوڵی خۆمان ئاراستەی كەسوكار و خانەوادەی سەربەرزی ئەو شەهیدانەمان دەکەین، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین."
دەشڵێت، "بە نیگهرانيیەکی زۆرەوە له چهندبارەبوونهوهی ئەم پەلامارە تیرۆریستییانە بۆ سەر سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە، لە ناوچە کێشەلەسەر و دابڕێندراوەکانی ھەرێم دەڕوانم. بۆ بەرپەرچیدانەوەی ئەم پەلامارانە، پێویستی زیاترمان بە پلان، بەرنامەی ھاوبەش و ھەماھەنگی ھەیە، بەتایبەت چڕکردنەوەی کارکردنی پێکەوەیی زیاتر لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و رێگری لە جموجۆڵەکانیان کە مایەی ھەڕەشەی جددین بۆ ئەو سنوورانە. لێرەوە جارێکی تر داوادەکەین دۆسیەی ئەمنی ئەو ناوچانە بە ھاوبەشی، بە سیاسەت و تێڕوانینێکی ترەوە لەپێناو سەقامگیریی، ئاسایش و ئارامی زیاتر بەڕێوەببرێن."
شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنووری کوڵەجۆ هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتی بەهاناوەچوونی پێشمەرگەکانیش، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە گیانیان لەدەست دا و چواری دیکەش برینداربوون.