ناس کورد-
نێچیرڤان بارزانی لەبارەى هێرشی شەوی ڕابردووی داعش بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و گیانلەدەستدانی پێنج پێشمەرگە ڕایگەیاند، هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق پێویستییەكی بەپەلەی هەنووكەیی و لەپێشینەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا (28ی تشرینی دووەمی 2021) دەڵێت، "سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵم پێشكەش بە خانەوادەی ئەو شەهیدە قارەمانانەی شەوی ڕابردوو دەكەم كە لە كاتی بەهانەوەچوونی هاوسەنگەرانی پێشمەرگەیاندا لە سنووری كوڵەجۆ، شەهید بوون و گیانیان بەخشی."
دەشڵێت، "لە خوای مەزن داواكارم گیانیان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و سەبووری و ئارامی بە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزیان ببەخشێت. هیوای زووچاكبوونەوە بۆ پێشمەرگە بریندارەكان دەخوازم."
جەختی کردووەتەوە کە "فراوانبوون و بەردەوامیی پەلامار و هێرەشەكانی داعش، پەیامی جددیی ترسناكن و هەڕەشە و مەترسییەكی ڕاستەقینە لە ناوچەكە دەهێنێتەوە ئاراوە. بۆیە هاریكاری و هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق بە پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پێویستییەكی بەپەلەی هەنووكەیی و لەپێشینەیە."
"داوا دەكەین میكانیزمی ئەو هەماهەنگییە لەنێوان لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی عیراقدا بە هاوبەشی و پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كاراتر و فراونتر بكرێت و پێكەوە بە هەموو هێز و توانایەكەوە بەرەنگاری تیرۆرستانی داعش و هەڕەشە و مەترسییەكانی ببینەوە."
شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنووری کوڵەجۆ هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتی بەهاناوەچوونی پێشمەرگەکانیش، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە گیانیان لەدەست دا و چواری دیکەش برینداربوون.