گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

مەسرور بارزانی: لە هیچ شوێنێک نەبووە بە خۆڕایی بخوێنیت و داوای دەرماڵەش بکەی

2021.11.27 - 14:03
App store icon Play store icon Play store icon
مەسرور بارزانی: لە هیچ شوێنێک نەبووە بە خۆڕایی بخوێنیت و داوای دەرماڵەش بکەی

ناس کورد-

مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، خوێندن لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێم خۆڕاییە، "بۆیە لە هیچ شوێنێکی دونیا نەبووە بە خۆڕایی بخوێنیت و داوای دەرماڵەش بکەیت."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ شەممە، 27ی تشرینی دووەمی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشێک لە قوتابیانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە کۆلێژی پەروەردەی بنیات وەک لە راگەیێندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هاتووە، کۆبوونەوەکە لە پێناو زیاتر پێشخستنی دۆخی خوێندن و باشترکردنی بارودۆخی بەشەناوخۆییەکانی قوتابیانە.



مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، پێویستە لایەنی حکومەت و خەڵک گوێ لە یەکدی بگرن و پێکەوە گفتوگۆ بکەن، "حکومڕانی تەنیا ئەوە نییە کە حکومەتێک حوکمڕانی بکات و هاووڵاتیش گوێی لێبگرێت، دەبێت هەردوولا بەیەکەوە کار بکەن".



هەفتەی رابردوو لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خوێندکاران خۆپێشاندانیان کرد و داوای گەڕانەوەی دەرماڵەکانیان دەکرد، بەڵام خۆپێشاندانەکان گرژییان تێکەوت، لەو بارەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا دەکات کە ئەگەر خۆپێشاندان دەکرێت با بە ئاشتییانە و مەدەنییانە بێت و چین و توێژە ناڕازییەکان نوێنەری خۆیان بنێرن بۆ لای حکومەت.



لەبارەی دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکاران مەسرور بارزانی دەڵێت، خوێندکاران بەخۆڕایی دەخوێنن، "داواکردنی دەرماڵە بۆ ئەوەی خوێندنێکی خۆڕایی بکرێت، باوەڕ بکەن لە هیچ شوێنێکی دونیادا شتی وەها نییە".



مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، "ئەگەر بمانەوێت چاو لە وڵاتانی پێشکەوتوو بکەین.. ئەو وڵاتانە خوێندنیان بەلاش نییە، هەموو قوتابییەک دەبێت پارە بدات، بەڵام.. بانک قەرزیان پێدەدات، ئەو قەرزەش بۆ ئەوەیە کە دواتر بە قیست پارەی خوێندنی خۆیان بدەنەوە بە زانکۆکان، قەرزەکانیش حکومەت نایدات، بانک دەیدات".



لە دوای ساڵی 2014ـەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەرماڵەی خوێندکاران بڕدرا.



بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە ساڵانی 2014،2015،2016، و 2017 حکومەتی عێراقی هیچ بڕە بودجەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەنارد، لەو ماوەشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ راپەڕاندنی کارەکانی و دابینکردنی بەشێک لە مووچە ناچار بوو قەرز بکات.



هەروەها لە ساڵانی 2020 و 2021 ئەو بڕە بودجەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەری رێککەوتبوون نەنێردرا و حکومەتی عێراق 12 مانگ بەشەبودجەیان بۆ نەنارد.



مەسرور بارزانی لەو بارەوە دەڵێت، ئەگەر کۆی بکەیتەوە لەو شەش ساڵەدا حکومەتی عێراق 23 ملیار دۆلار کە حەقی خەڵکی هەرێمی کوردستان بووە، نەیناردووە.