ناس كورد-
زانایەكی بواری پەتا لە ئەمەریكا ئاشكرای كرد، دەشێت گۆڕاوە نوێیەكەی كۆرۆنا زۆر زۆر خراپ بێت بەڵام بەئەگەری زۆر ڤاكسینەكان پارێزەر دەبن لەدژی كاریگەرییەكانی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دكتۆر ولیام هاناج لە زانكۆی هارڤاردی ئەمەریكا لە لێدوان بۆ نیویۆك تایمز كە "ناس كورد" بینیویەتی (27ی تشرینی دووەمی 2021) ئەوەی خستەڕوو هێشتا توێژینەوەی زیاتر پێویستە لەبارەی كاریگەریی و ڕادەی ترسناكی ڤایرۆسە نوێیەكە، بەڵام بەئەگەری زۆر ڤاكسینەكان هێشتا هەر پارێزەرن.
لەوكاتەوەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ناوی "ئۆمیكرۆن" ی لە گۆڕاوە نوێیەكەی كۆرۆنا نا و بە جێگەی نیگەرانی لەقەڵەمی دا پرسیار لەسەر كاریگەریی ڤاكسینەكان لەسەر ئەم گۆڕاوە دروست بووە.
كۆتا گۆڕاوی ترسناك جۆری دەلتا بوو كە هاوینی ڕابردوو ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی لە هیندستان كوشت، لە ئێستاشدا زانایانی تەندروستی دەڵێن گۆڕاوە نوێیەكە جووڵەی بەپەلەی دەوێت بۆ دیاریكردنی كاریگەریی و ڕادەی ترسناكییەكەی بەڵام كاتی دەوێت بۆ دەرچوونی ئەنجامەكان.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کۆرۆنا نوێیەکەی ئەفریقا بە "نیگەرانکەر" وەسف دەکات و ناوی نا "ئاومیکرون"، دوێنێش یەکەم حاڵەتی لە بەلجیکا تۆمار کرا.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێنج کۆرۆنای گۆڕاوی ناو نا "ئاومیکرون" و دەڵێت، کۆرۆنا گۆڕاوەکە لە باشوری ئەفریقا بە زۆری دەرکەوتووە، دوای ئەوەش زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا دەرگایان بەسەر گەشتە ئاسمانییەکانی ئەفریقادا داخست.
دوای هۆشداری تەندروستیی جیهانی بۆ سەپاندنی ڕێکاری زیاتر، بەریتانیا و فەڕەنسا و هۆڵەندا گەشتەکانیان لە ئەفریقا و پێنج وڵاتی دراوسێ ڕاگرت، هاوکات یەکێتی ئەوروپا داوای ڕاگرتنی تەواوەتی گەشتی هات و چوون بۆ ئەفریقا دەکات.
سەرۆكی تیمی هونەری یەكەی فریاكەوتنی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی تایبەت ڕێكدەخەن لەبارەی ئاشكرابوونی نەوەیەكی نوێی ڤایرۆس كۆرۆنا لە باشوری ئەفەریقا كە بە (B.1.1.529) ناسراوە.
بەپرسەكەی تەندروستی جیهانی لە ڤیدیۆ كۆنفرانسێكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (26ی تشرینی دووەمی 2021) ئەوەی ئاشكراكرد ئەوان بەدوای نەوەیەكی كۆرۆناوەن كە دەیان پەلهاویشتن لە پڕۆتینی "سبایك" یدا هەیە و لەبارەی كاریگەریی ئەم نەوەیە لەسەر ڤاكسینەكان هەڵوێستە دەكەن.
تەندروستی جیهانی هێشتا زانیاریی تەواوی نییە لەبارەی ئەم نەوە نوێیەی كۆرۆنا، بەڵام بۆی دەركەوتووە پەرەسەندنی خێرایە، ئەگەریش زۆر جیاوازبوو لە ڤایرۆسەكەی پێش خۆی ئەوە ناوێكی نوێی پێ دەدرێت بەپێی پیتی ئەبجەدی لاتینی.
مەترسییەكان لەوەدا چڕبوونەتەوە نەوە نوێیە ئەفەریقییەكە بەسەر بەرگری لەش و ڤاكسیندا زاڵ بێت، بەم هۆیەشەوە بەریتانیا گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ شەش وڵاتی ئەفەریقا ڕاگرت، هەروەها ئەڵمانیا هەنگاوی هاوشێوەی گرتەبەر.
لەلای خۆشییەوە كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا پێشنیاری ڕاگرتنی گەشتەكانی بۆ كیشوەری ئەفەریقا كردووە تا ڕوونبوونەوەی بارودۆخی تەندروستی و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ڤایرۆسەكە.