ناس کورد-
شوان محەمەد، ڕۆژنامەنوسێكی ناسراوى کوردستان ڕایگەیاند، هەرچەندە کوژرانی موراد کانی کوردەیی "نایاساییە و تەسفیەی حزبییە، بەڵام ئەو ئەفسەرە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە سەرکەوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ڕانیە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شوان محەمەد سەرنوسەری پێشووتری ڕۆژنامەی ئاوێنە، کە پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێسە لە کوردستان لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی، "چەند دێڕێکی تر لەبارەی کوژرانی موراد کانیکوردەییەوە، لەگەڵ بڕوای تەواوم بەوەی کوژرانی نایاساییەو تەسفیەی حیزبی یە، بەڵام دوای بەدواداچوونم لەسەر مێژووی ئەم ئەفسەرە ئەو زانیارییەم لەلا گەڵاڵە بوو، کە ئەو و یەک دوو فەرماندەی تری ئەو ناوچەیە رۆڵێکی بەرچاو و توندتیژیان هەبووە لە سەرکەوتکردنی خۆپیشاندانەکانی پێشووی ئەو دەڤەرەدا."
شەوی ڕابردوو (25ی تشرینی دووەمی 2021) موراد کانی کوردەیی، بەڕێوەبەری پۆلیسی ڕانیە و کەسایەتی سەربازیی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی لە ڕووبەڕوبوونەوەیەکی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان خۆی و دوو پاسەوانی کوژرا.
دواتر ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی کوژرانی ناوبراو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو هێزە بۆ دەستگیرکردنی ناوبراو بە بڕیاری دادگا چوون، بەڵام لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانی رووبەڕووی ھێزەکە دەبنەوە رووبەڕووی ھێزەکە بوونەتەوە و "کارمەندێکی ئەمنییان شەهید کردووە".
لە ڕوونکردنەوەیەکەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دەشڵێت، "لەئەنجامی وەڵام و دەستپێشخەری یاساشکێنان و ھەڵھاتوان موراد کانی کوردەیی و دوو لە پاسەوانەکانی کوژراون".
ئەمڕۆش لەکاتی ناشتنی تەرمەکەی لە کۆیە، كەسوكاری باسیان لەوەكردووە بەشێوەیەكی "نایاسایی و نامەردانە" كوژراوە، ناوبراو هیچ داوایەكی یاساییشی لەسەر نییە و بووەتە قوربانیی تەسفیاتی ناوخۆیی كێشەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
لەمەراسیمی ناشتنەكە هیچ كەسایەتییەكی فەرمی ئامادەنەبوو، هیچ مەراسیمێكی فەرمییش ڕێكنەخرا و وەك هاوڵاتییەكی ئاسایی نێژرا لە كاتێكدا ناوبراو پلەداری سەربازییە. كەسوكارەكەشی جەختیان كردەوە، پرسهی بۆ دانانێن، بهڵام رێگریش لهكهس ناكهن بەشداری پرسەكەی بكات و سەرەخۆشییان لێ بكات.