ناس کورد-
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، بۆ هەر مانگێک پێویستیان بە زیاتر لە 7 ملیار دینارە بۆ هاوکارى خوێندکارانى زانکۆ و هێشتا بەرچاویان روون نییە، کە ئایا بەچى رێژەیەک پاڵپشتى دارایی خوێندکاران دەکرێت و بڕیارەکە چۆن جێبەجێدەکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
توانا نەجەف لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ میدیاى یەکێتى وتى "ئەو بڕە پارەیەى بۆ خوێندکاران خەرجدەکرێت وەکو هاوکارییە و دەرماڵە نییە، پێش ساڵی 2014 بەپێی رێنمایی دارایی 51 لە ساڵی 2008 دا وەك هاوكاری بۆ خوێندكاران خەرجكراوە".
وتیشی "خوێندنى باڵا و دارایی و دیوانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران میکانیزمى جێبەجێکردنى ئەو پاڵشتییە دادەڕێژن، خوێندنی باڵا پێویستی بە زیاتر لە 7 ملیار دینارە بۆ هاوكاری خوێندكاران بۆ هەر مانگێک".
توانا نەجەف باسى لەوەشکرد، بەكۆی گشتی 150 هەزار و 560 خوێندكار لە سەرجەم زانكۆ و پەیمانگەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵادا دەخوێنن. 84 هەزار و 505 خوێندكار لە بەشە ناوخۆییەكاندان.