گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لاهور شێخ جەنگی لەبارەی خۆپیشاندان و گیراوەكانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە

2021.11.24 - 22:12
App store icon Play store icon Play store icon
لاهور شێخ جەنگی لەبارەی خۆپیشاندان و گیراوەكانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە

ناس کورد-

 

لاهور شێخ جەنگى پەیامێکى لەبارەى خۆپیشاندان و گیراوەکانەوە بڵاوکردەوە و داوادەکات داواى خۆپیشاندەران تێکەڵ بە کێشە و ململانێی سیاسی نەکرێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لاهور شێخ جەنگى ئاماژەى بەوەکردووە "هیواخوازین ڕێگەنەدەن داوا کانیان تێکەڵ بە کێشە و ململانێی سیاسی بکرێت و ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانیان بە لاڕێدا ببرێت و زیان بە موڵکی گشتی بگەیەندرێت".

 

دەقى پەیامەکە:

 

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان،

بەداخەوە ئەمڕۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، حەرەمی زانکۆیان شکاندووە، بە بەکارهێنانی غازی فرمێسکڕێژ و تەقەکردن بەسەر خوێندکاران، هەوڵی ڕێگرییکردنی خۆپیشاندەرانیاندا. ئێمە لەکاتێکدا دووبارە پشتیوانیی سەرسەختی داوا ڕەواکانی خوێندکارە ئازیزەکان دەکەین، لەهەمانکاتدا هیواخوازین ڕێگەنەدەن داوا کانیان تێکەڵ بە کێشە و ململانێی سیاسی بکرێت و ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانیان بە لاڕێدا ببرێت و زیان بە موڵکی گشتی بگەیەندرێت. نیگەرانی خۆشم دەردەبڕم بەرامبەر ئەو شێوازی هەڵسوکەوتەی هەندێک لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لەبەرامبەر خوێندکاران بەکاری دەهێنن، بە تایبەتی تەقەکردن بە ڕووی خۆپیشاندەران و بریندارکردنی چەند خوێندکارێک بە فیشەک، کە ئەمە هەرگیز قابیلی قبووڵ نییە و دەبێت برایانمان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، خۆیان بە دوور بگرن و نەچنە ژێر باری هیچ گوشارێکەوە بۆ ئەنجامدانی تووندوتیژی و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکان ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

 

لێرەشەوە دەستگیرکردنی چەند خوێندکارێک و چەند کەسایەتییەکی پێشمەرگەی دێرین لە شارەزوور بە ناوەکانی (مام وریا برا خاس) و (کاک سەڵاح گیانەیی) و لە سلێمانیش (کاروان عەلی شامار) کوڕی پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان (عەلی شامار)، بە بیانوی پڕوپووچ و بێ بنەما بە تووندی سەرکۆنە دەکەم و داوا دەکەم دەستبەجێ ئازاد بکرێن بۆ ئەوەی جەماوەر تووڕە و ڕق ئەستوورتر نەبێت بەرامبەریان. بۆ چارەسەرکردنی دەرماڵەی خوێندکارانیش، وا پێدەچێت بەشداربووانی حکومەت لە زۆنی سەوز هیچ حسابێکیان بۆ نەکرێت لە لایەن باڵادەستانی بنەماڵە و سەرانی پارتی، بۆیە دەتوانن پارەی دوو ڕۆژی قاچاخچییەتی مەرزی باشماخ کە نزیکەی (٦) ملیۆن دۆلارە بۆ دەرماڵەی خوێندکاران تەرخان بکەن و چارەسەری كێشەی خوێندکاران بکەن.

 

لە کۆتاییدا هۆشدارییەکی هەڤاڵانە بۆ بڕیاربەدەستانی ئێستای یەکێتیی، وەبیریان دەهێنمەوە کە بەکارهێنانی هێز تەنها بۆ دوژمنانی گەلەکەمانە و هەر کەسێک بیەوێت هێز بەرامبەر گەلەکەی خۆی بەکاربهێنێت، ئەوا دڵنیابن کە گەل ڕق ئەستوورتر دەبێت بەرامبەریان و ژیانی خۆیان و کەسوکاریان دەکەوێتە مەترسییەوە.

لاهور شێخ جەنگی

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان