ناس کورد-
خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ گێڕانەوەی دەرماڵەکانیان بەردەوامە و هەرسێ لایەنی سەرەکیی پێکهێنەری حکومەتیش یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە هۆکاری کێشەی دەرماڵەی خوێندکاران.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ماوەی سێ ڕۆژە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی و بەشێک لە ناوچەکانی دیکە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای گێڕانەوەی دەرماڵەکان و چاکسازیی لە پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکان دەکەن.
پرسی دەرماڵەی خوێندکاران پەیوەندی بە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە پشکی یەکێتی، وەزارەتی دارایی لە پشکی گۆڕان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە پشکی پارتی هەیە.
وەزیری خوێندنی باڵا: داوام کردووە دەرماڵە بدرێتە خوێندکاران
لە یەکەم کاردانەوەدا دوێنێ دووشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2021، ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا لە پشکی یەکێتی ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ داواکارییەکى خۆێندکارانى بەدەستنەگەیشتووە و داواى لێکردن یاداشتى بۆ بنوسن.
وتیشى، چەند جارێک داواى کردووە دەرماڵە بدرێتە خوێندکاران، بەڵام بەهۆکارى جیاجیا دواخراوە.
وەزارەتی دارایی: خوێندنی باڵا داوای خەرجکردنی دەرماڵەی لێ نەکردووین
لە وەڵامی وەزیری خوێندنی باڵادا، وەزارەتی دارایی کە لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕەتیکردەوە دەرماڵە پەیوەندی بەوانەوە هەبێت و ڕایگەیاند، "پێش 2014 و دوای پهسهندكردنی بودجه له پهرلهمانهوه تخصيصات بۆ دەرماڵەی خوێندكاران دانراوه و ههر لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوه خهرجكراوه و به هیچ جۆرێك نههاتووەتهوه بۆ وهزارهتی دارایی و پهیوهندی به داراییهوه نییه."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هیچ نووسراوێكی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی لە ڕێگای ئەنجومەنی وەزیرانەوە له ساڵی 2021 نەھاتووە بۆ وەزارەتی دارایی تایبەت بە دەرماڵەی خوێندكاران."
میدیای فەرمیی یەکێتی: وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەند نەبوون
هەر لەو چوارچێوەیەدا و لە وەڵامی وەزارەتی داراییدا، میدیای فەرمیی یەکێتی هاتووەتە سەر خەت و نوسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای بڵاوکردووەتەوە کە داوای خەرجکردنی دەرماڵەی لە وەزارەتی دارایی کردووە.
میدیای فەرمیی یەکێتی (سێشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2021) نوسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "بەگوێرەی بەڵگەكان وەزارەتی خوێندنی باڵا چەندین جار داوای لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كردووە كە دەرماڵەی خوێندكاران وەكو مافێكی یاسایی خەرج بكرێت، تەنانەت خودی وەزیری خوێندنی باڵا لە دانیشتنەكانی ئەنجومەنی وەزیران چەندین جار ئەو پرسەی وروژاندوە و داوای كردووە حكومەت بە جددی هەوڵەكانی بخاتەكار بۆ خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە گوێرەی ئەم بەڵگەنامەیە، ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، پرسەکەی بردووەتە سەر مێزی ئەنجومەنی وەزیران و لە کۆبوونەوەیەکدا بە بەشداریی سەرۆکوەزیران، داوایکردووە دەرماڵەی خوێندکاران خەرج بکرێتەوە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هەر بەگوێرەی ئەم بەڵگەنامەیە، وەزارەتی خوێندنی باڵا جارێكی دیكە داوای كردووە كە دەرماڵەی خوێندكاران بخرێتەوە ناو پرۆژە یاسای بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام وەزارەتی دارایی بەبیانوی زۆری بودجەكە و نەبونی داهات، داواكارییەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵای ڕەتکردووەتەوە."
پارتی: وەزارەتی دارایی و خوێندنی باڵا بەرپرسیاری ئەم دۆخەن
لەدوای ئەو وەڵامدانەوانەی ئەو دوو وەزارەتەی سەربە یەکێتی و گۆڕان، پارتیش بێدەنگی شکاند و هەردوو وەزارەتی دارایی و خوێندنی باڵا بە بەرپرسیاری دۆخەکە دەزانێت.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (سێشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، "ەردوو وەزیری دارایی و خوێندنی باڵا بەرپرسیارن بەرامبەر ئەو دۆخە و ئەو پرسە پەیوەندی بەو دوو وەزارەتەوە هەیە، لەساڵی 2019وە لیژنەی پەروەردە لەسەر هێڵە لەسەر ئەو دوو وەزارەتە بۆ ئەو مەبەستە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "دوێنێ یاداشتێکمان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە بۆ ڕێکخستنی دانیشتنێکی تایبەت بە دەرماڵەی خویندکاران بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و چارەسەرکردنی کێشەکە."
لەگەڵ ناکۆکییەکانی هەرسێ لایەنی پێکهێنەری حکومەت بۆ هۆکاری خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران، خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی و بەشێک لە ناوچەکانی دیکە بەردەوامن لە ناڕەزایەتییەکانیان و داوای گێڕآنەوەی دەرماڵە.