گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی و وردەکاریی

ژنێک پیاوەکەی دەکوژێت و لەژێر تەختەخەوەکەیاندا دەیشارێتەوە و پاشان شوو دەکاتەوە

2021.11.23 - 00:04
App store icon Play store icon Play store icon
ژنێک پیاوەکەی دەکوژێت و لەژێر تەختەخەوەکەیاندا دەیشارێتەوە و پاشان شوو دەکاتەوە

ناس کورد-

ماڵپەڕی "همشری"ی ئێرانی وردەکاریی تاوانێکی مەترسیداری لە شاری شیرازی ئەو وڵاتە ئاشکرا کرد کە تێیدا ژنێک هاوسەرەکەى خۆی کوشتووە و جەستەی لەت لەت کردووە و لەژێر تەختەخەوەکەیدا شاردوویەتییەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "همشهری"، ڕووداوەکە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو لە شاری شیراز ڕوویداوە، پاش ئەوەی ژنێک چووەتەلای نوسینگەی هەواڵگریی شارەکە و وتوویەتی کە "برا 45 ساڵەکەی دیار نییە"، ئیتر ڕووداوەکە ئاشکرا بووە.


ژنەکە دەڵێت، "براکەم لە ژنی یەکەمی کوڕێک هەبوو، دوای ماوەیەک هاوسەرگیری دووەمی کرد و لەگەڵ ژنە 43 ساڵەکەى ژیاوە، بەڵام ماوەی چەند ڕۆژێک هەواڵی نەبووە."

 

باسی لەوەشکردووە، "کاتێک چوومە لای براژنەکەم و هەواڵی براکەم پرسی، وتی (چووەتە دەرەوە و نەهاتووە)، ئیتر پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد."

 

سەرەتا هاوسەری پیاوەکە جەختی کردووەتەوە کە نازانێت مێردەکەی چی لێ هاتووە، بەڵام دوای ئەوەی منداڵەکەی ئاشکرای دەکات کە دایک و باوکی لە کێشە و شەڕێکی گەورەدا بوون پێش ئەوەی ون بێت، پۆلیس بابەتەکەى ئاشکرا کرد.

 

هەرچەندە پۆلیس گومانی جدییان لە ژنەکە هەبووە، بەڵام بەڵگەی ڕوونیان نەبووە کە ئاخۆ ئەو تێوەگلاوە لە دیارنەمانی هاوسەرەکەی، بەڵام پۆلیس لە لێکۆڵینەوە و چاودێری خۆی بەردەوام بووە.


ماڵپەڕی "همشهری" لە ڕاپۆرتەکە دەڵێت، "ساڵێک تێپەڕی بەسەر دیارنەمانی پیاوە 45 ساڵەکە و هیچ بەڵگەیەک یاخود نیشانەیەک دەرنەکەوت، بەڵام دواتر زانییان کە ژنی دووەمی پیاوەکە شوی کردووەتەوە و لەگەڵ کەسێکی تردا دەژی."

 

دەشڵێت، "ئەوەش شتێکی نامۆ بوو، چونکە هێشتا دیار نییە چی بەسەر پیاوە ونبووەکەدا هاتووە، ژنی دووەمی شوی کردووەتەوە" و ئاماژە بەوەش دەکات کە "لێکۆڵەرەوان دڵنیا بوونەوە کە ئەو ژنە شتێک دەزانێت لەبارەى ونبوونی پیاوەکەی و خێرا دەستگیریان کرد، پاشان ژنەکە دانی بە تاوانەکەیدا نا."


تاوانبارەکە دەڵێت، "پیاوەکەم ئالودەی مادە هۆشبەرەکان بووە و کێشەی زۆرم هەبوو لەگەڵی، توشی نەخۆشی بوو بوو بەهۆی کێشانی مادە هۆشبەرەکانەوە، منیش زۆر توڕە بووم، شەو هەندێک حەبم کردە ناو ئاوەوە بۆی، کە بەیانی لە خەو هەستام، بینیم مردووە."

 

ئاشکراشی کردووە کە "لەبەرئەوەی زۆر دەترسام، نەمدەزانی چی لە لاشەکەی بکەم، بۆیە بڕیارم دا بیشارمەوە."

 

دەشڵێت، "پاشان هەندێک خوێ و قوماشم هێنا و تەرمی پیاوەکەم پێچایەوە، پاشان ژێر تەختەخەوەکەمانم هەڵکەند، ماڵەکەمان وەک ڤێلا وابوو، کەس هەستی نەدەکرد، پاشان لەژێر تەختەخەوەکەمان شاردمەوە، دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک، هەستم کرد کە پۆلیس بە بابەتەکە نازانێت، بۆیە شووم کردەوە."

 

کافوس حەبیبی، سەرۆکی هەواڵگریی پارێزگای فارس دەڵێت، "دوای دانپێدانانەکانی ئەو ژنە، تیمی تایبەتمەند چوونە ماڵی ئەو ژنە و شوێنەکەیان هەڵکەند و تەرمەکەیان دەرهێنا و پاشان ڕادەستی پزیشکی دادیان کرد."

 

دەشڵێت، "هەرچەندە ژنەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەهۆی کێشانی زۆری مادە هۆشبەرەکانەوە مێردەکەی کوشتووە، بەڵام هۆکار و پاڵنەری تاوانەکە کێشە خێزانی و دارایی بووە."