گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاگەیەنراوێک لە لاهور شێخ جەنگییەوە: ئەوەی ڕوویدا پەڵەیەکی ڕەشە

2021.11.22 - 19:08
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاگەیەنراوێک لە لاهور شێخ جەنگییەوە: ئەوەی ڕوویدا پەڵەیەکی ڕەشە

ناس کورد-

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی لەبارەى بەکارهێنانی توندوتیژی لە خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان "ئەوەی ڕوویدا پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچەوانی حکومەت و دەسەڵاتی کوردییەوە، چونکە نابێت حەرەم و هەیبەتی زانكۆ بشكێندرێت و لە ژێر وێنەى سەرۆك مام جەلالدا بێڕێزی بە خوێندكاران بکرێت."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لاهور شێخ جەنگی لە ڕاگەیەنراوێکدا (22ی تشرینی دووەمی 2021) دەڵێت، "بە تەواوی پشتیوانی داوا حەق و ڕەواکانتان دەکەم، دیمەنەکانی ئازاردانی ئێوە لە ناخەوە دڵگران و خەمباری کردم، ئێوەی خوێندکاران توێژێکی زیندوون و سەرمایەیەکی مرۆیی و مەعریفی گەورەی ئەم وڵاتەن کە دەتانەوێت بە چەکی زانست داهاتوویەکی گەش بۆ خۆتان و میللەتەکەتان بنیاد بنێن، هەر بۆیە، ئەرکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە کە بەزووترین کات مافەکانتان دەستەبەر بکەن و ژیانێکی شایستە و ژینگەیەکی خوێندنی لەبارتان بۆ بڕەخسێنن، نابێت ڕۆتین و بیرۆکراسییەتی ئیداری ببێتە هۆی ئەوەی مافەکانی خوێندکاران پێشێل بکرێن، چیتر خەمسارد و بێباک مەبن بەرامبەریان، با خوێندکارە ئازەیزەکانمان لەوە زیاتر تووڕەتر و بێهیواتر نەبن."

 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "خوێندکارانی خۆشەویست، داواتان لێدەکەم گردبوونه‌وه و خۆپیشاندانەکانتان کە مافێکی سەرەتایی خۆتانە، به‌ هێمنی و له‌ چوارچێوه‌ی خۆی دا ئه‌نجامی بده‌ن، ڕێگه‌ مه‌ده‌ن زیان بە هاونیشتیمانییەکانتان و موڵکی گشتی بگەیەندرێت."


"داواش له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌م، نه‌بنه هۆكاری زیانگه‌یاندن به‌ ناوبانگی خۆیان و بزانن كه‌ خوێندکارانی خۆپیشانده‌ر، خوشك و برا و كه‌سوكاری خۆیانن، چونکە ئەوان بە گیرفانی بەتاڵەوە ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن لە کاتێکدا دۆخی ئابووریی حکومەت بەرەو باشتر ڕۆشتووە و داهات بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەڵام بە هۆی نادادی و نایەکسانی لە دابەشکردنی داهات، هاووڵاتییانی ئەم هەرێمە بێهیوا و سەرگەردان کراون و هەوڵی بەجێهێشتنی وڵات دەدەن بە تایبەت توێژی گەنجان."


لاهور شێخ جەنگی جەختی کردووەتەوە کە "بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ لەخۆپیشاندانەکانی زانکۆی سلێمانی ڕوویدا پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچەوانی حکومەت و دەسەڵاتی کوردییەوە، چونکە نابێت حەرەم و هەیبەتی زانكۆ بشكێندرێت و لە ژێر وێنەى سەرۆك مام جەلالدا بێڕێزی بە خوێندكاران بکرێت."

 

ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تشرینی دووهەمی 2021 لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستان، بەشێك لە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان، گردبوونەوەی نارەزایەتیان ئەنجامدا.

 

هەر لەو چوارچێوەیەدا خۆپیشاندانەکەی خوێندکاران لە بەردەم زانکۆی سلێمانی بۆ داواکردنی دەرماڵە گرژی لێکەوتەوە و بەهۆی تەقەی گازی فرمێسک ڕێژی هێزە ئەمنییەکانەوە کچە خوێندکارێک بە سەختی برینداربوو.