گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

دادگای كەركوك بڕیارى زیندانیکردنى برایەكی راكان جبوری و سێ كەسی دیكەى دەرکرد

2021.11.22 - 15:39
App store icon Play store icon Play store icon
دادگای كەركوك بڕیارى زیندانیکردنى برایەكی راكان جبوری و سێ كەسی دیكەى دەرکرد

ناس کورد-

 

دادگای كەتنی كەركوك، چوار فەرمانبەری دیوانی پارێزگا بە زیندانی حوكمدەدات لەنێویاندا برایەكی راكان سەعید جبوری بە تۆمەتی "گەندەڵی"، دوای ئازادكردنی سێ تۆمەتباری دیكە لە هەمان دۆسیەدا، ئەوەش بەپێی پێگەى "کەرکوک ناو".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بڕیارەكەی دادگای كەتن ئەمڕۆ دوشەممە 22ـی تشرینی دوەمی 2021 دەركراوە بە واژۆی دادوەر ئاسۆ حەیدەر عومەر، لەسەر سكاڵای هەریەك لە داواكاری گشتی، ئیدارەی پارێزگا و وەزارەتی كارەبا.

 

لەو دانیشتنەی دادگادا وردبینی بۆ دۆسیەی حەوت تۆمەتباركراوە و لە ئەنجامدا؛ چواریان حوكمدراون و سێ كەسیان بەهۆی نەبونی بەڵگەی پێویستەوە بڕیاری ئازادكردنیان دەرچووە.

 

سەرچاوەیەکی تایبەت لە دادگای کەرکوک کە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "دادوەری دادگای كەتنی كەركوك بڕیاریداوە بە سزادانی چوار تۆمەتبار بەهۆی گەندەڵییەوە هەریەكێكیان بە نۆ مانگ زیندانی، لەنێویاندا عەلی سەعید عەلی، برای راكان سەعید جبوری، پارێزگای كەركوك بەوەكالەت و سێ كەسی دیكە كە یەكێكیان بەناوی قاسم ئیبراهیم، لێپرسراوی بەشی پلاندانان بووە".

 

بەپێی نوسراوەكەی دادگا، هەریەك لە عەلی سەعید، ریاز ئەحمەد تاهیر، قاسم ئیبراهیم و خالد نایف ئەحمەد سزادراون.

 

سەرچاوەكە وتی دادگاییەكە لە رێوشوێنی ئەمنی تونددا بەڕێوەچووە و ئەو تۆمەتبارانەش پێشتر چەند مانگێك لەمەوبەر لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كراوە بەڵام بە كەفالەت تا رۆژی دادگایی ئازادكراون.

 

ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد لە هەمان دۆسیەدا، سێ كەس ئازادكراون لە نێویاندا قوتەیبە راكان سەعید جبوری، كوڕی پارێزگاری كەركوك.

لە نوسراوەكەی دادگای كەتندا هاتووە هەریەك لە قوتەیبە راكان سەعید، عوسمان محەمەد قادر و ئیبراهیم خەلیفە بەهۆی نەبونی بەڵگەی پێویستەوە تۆمەتەكانی سەریان هەڵدەگیرێت و ئازاددەكرێن.

 

دادگاییكردنی ئەو حەوت كەسە و سزادانی چوار كەسیان بە پێی ماددەی 331ـی یاسای سزادانی عیراقی بووە كە تيايدا هاتووە هەر فەرمانبەرێكی حكومی، پێشێلی ئەركەكەی خۆی بكات، یان كارەكەی جێبەجێنەكات، بەئەنقەست و لەپێناو زیانگەیاندن بە كەسانی تر، ئەوە بە زیندانیی و غەرامە یاخود یەكێكیان سزادەدرێت.