گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بووە بە چەرەزات’’

’’بەکتریاکە بەهێز دەکات’’..هۆشدارى لەبەکارهێنانى هەندێ دەرمان دەدرێت بۆ چارەسەرى هەڵامەت

2021.11.22 - 09:43
App store icon Play store icon Play store icon
’’بەکتریاکە بەهێز دەکات’’..هۆشدارى لەبەکارهێنانى هەندێ دەرمان دەدرێت بۆ چارەسەرى هەڵامەت

ناس کورد-



پزیشکێکى پسپۆڕ هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانى هەندێک دەرمانى باو بۆ چارەسەرى هەڵامەت و دەڵێت لەبرى چارەسەر دەبنە هۆى بەهێزبوونى ئەو بەکتریاى هۆکارى نەخۆشییەکەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شێروان رەحمانەشەل نانەکەلی پزیشکی پسپۆری فسیۆلۆجی و شارەزای گشتی لە بڵاوکراوەیەکدا نوسیویەتى "بە داخەوە لە هەرێمەکەی ئێمە، لە زۆرێک لە ووڵاتانی دەوروبەر، دەرمانی دژە بەکتریا «ئەنتی بایۆتیک» بەهۆی زێدەڕەوی لە بەکارهێنانی یان بەهەڵە وە یان کەمتر و زیاتر لە بڕی پێویست وە یان ماوەی کورت وە یان درێژ خایەنی نا پێویست ئەوە بووە بە « چەرەزات » وە نەک تەنها بەکتریا ناکوژێت بگرە بەهێزیشی دەکات !".

 

دەقى بڵاوکراوەکە:

 

ئاگادارن ئەو دەرمانانە خەریکە بێ سوود دەبن ! کارەسات بە ڕێوەیە !

ناوی دەرمانەکان چین ؟ کێ بەرپرس و کێ تاوانبارە ؟ چۆن چارەسەر دەکرێت ؟

بەکارهێنانی هەر دەرمانێک بە شێوەیەکی نا زانستی و نا پێویست و ڕادەبەدەر ئەوە نەک تەنها بێ سوودە بەڵکو بگرە زیان بەخش دەبێت و پاش ماوەیەک لە بەکارهێنانی جەستەی مرۆڤ لەگەڵی لێڕادێت و ئەگەر دژە بەکتریا بێت ، وەک نموونە، ئەوە بەکتریاکان بەرگری دژی دروست دەکەن و هەر چەند بڕەکی زۆر لەو دەرمانانە بەکاربێت ئەوە بێ سوودە و بەکتریای سەرسەخت تر دروست دەبێت و لە پاشەڕۆژ کارەسات ڕوو دەدات و بەهیچ دەرمانێک لەناو ناچێت !!

 

بە داخەوە لە هەرێمەکەی ئێمە ، وە لە زۆرێک لە ووڵاتانی دەوروبەر، دەرمانی دژە بەکتریا «ئەنتی بایۆتیک» بەهۆی زێدەڕەوی لە بەکارهێنانی یان بەهەڵە وە یان کەمتر و زیاتر لە بڕی پێویست وە یان ماوەی کورت وە یان درێژ خایەنی نا پێویست ئەوە بووە بە « چەرەزات » وە نەک تەنها بەکتریا ناکوژێت بگرە بەهێزیشی دەکات ! 

 

ڕۆژانە ، وەک دکتۆرێک ، تووشی چەندین حالەتی هەوکردن لە جەستەی نەخۆشەکان دەبینەوە  کەوا چەندین دەرمانی دژە بەکتریا « ئەنتی بایۆتیک» ی بەکارهێناوە بەڵام بێ سوود بووە !

 

ڕەنگە کوالیتی هەندێک لەو دەرمانانە نزم بێت و دەرمانی قاچاخ بێت بەڵام ئەوانی تر دەرمانی کوالیتی بەرزن وە بەهۆی زۆر بەکارهێنانیان بە شێوەیەکی نا دروست و نا زانستی و نا پزیشکی ئەوە ئێستا بێ سوود و بێ هیچ کاریگەریەکن. لەو دەرمانانە ی کەوا تێبینیمان کردووە کاریگەریان بەرەو کەمی و نەمان دەچێت « امبسلین ، امۆکسیلین ، سیفکسیم ، ازثرومايسين، گێنتامایسین ،سیفترایکسۆن ، میترۆنیدازۆل (فلاجیل)  سیپرۆفلۆکساسین ، کیفلیکس ، تێتراسایکلین .....وە هەندێکی تریش لە ڕێگادان » !!!

 

وە هەر بۆ زانین هەمان ئەو دەرمانانە ی سەرەوە لە ووڵاتەکانی ئەوروپا وەک نموونە ئەوە زۆر کاریگەرن وە بۆ چارەسەری تووندترین هەوکردنەکان بەکار دێن.

 

هەروەها ئەگەر چارەسەریەکی گونجاو بۆ ئەو دیاردە ترسناکە نە دۆزرێتەوە ئەوە ژمارەیەکی زۆری دەرمانی تر دێنە ئەو لیستە ڕەشەی کەوا کاریگەریان لەدەست داوە یان زۆر کەم بویتەوە.

 

دەرمانی دژە بەکتریا « ئەنتی بایۆتیک » پێویستە تەنها بە ڕاچێتەی پزیشکی پسپۆر وە لە دەرمانخانەی یاسایی رێگە پێدراو و بە بڕێکی دیاریکراو بدرێتە ئەو نەخۆشانەی کەوا پێویستیان پێیە.

 

نەخۆش پێویستە بزانێت کەوا:

√ پەسیو و هەڵامەت نەخۆشیەکی ڤایرۆسی یە و بە اموکسیل و سوپراکسی چاک نابێت !

√ حەساسیەی قورگ پێویستی بە دەرمانی ئەنتی بایۆتیک نیە !

√ ناکرێت و نابێت و پێویست ناکات هەموو راچێتەیەک دەرمانێکی دژە بەکتریا تێدابێت.

√ پێویستە مەجالێک بدرێتە سیستمی بەرگری لەش خۆی بەرگری لەخۆی بکات وە ناکرێت بۆ کەمترین هەوکردن دژە بەکتریا بەکار بهێنین.

√ کۆخە ، پشمین ، تا و لەرز : هیچیان یەکسان نینە بە بەکارھێنانی دەرمانی دژە بەکتریا !

 

چارەسەر:

√ نەهێشتن و بنبڕکردنی گشت ئەو دەرمانانەی بێ کوالیتی یان کوالیتی نزمن.

√ کۆنترۆل کردنی دەرمانخانەکان بە شێوەیەک تەنها دەرمانخانە یاساییەکان و بە ڕاچێتەی پزیشکی پسپۆر دەرمانی دژە بەکتریا سەرف کەن.

√ پێداچوونەوەی زانستی و پزیشکی بۆ سەرجەم راچێتە پزیشکیەکان و ڕێنمای کردنیان.

√ دەرکردن و جێبەجێکردنی بڕیارێک دەربارەی چۆنیەتی بەکارهێنانی دەرمانی «ئەنتی بایۆتیک».

ڕەنگە هەندێک لەو پێشنیارانەی وەک چارەسەر باسمان کردووە وەک «خەونێک یان خەیالێک» بێتە پێش چاو ! بەڵام ئەگەر چارەسەرێکی بە پەلە و گونجاو نەکرێت ئەوە دەرئەنجامەکانی ئەوەندە خەراپ دەبێت بە خەون و خەیاڵیش پێشبینی نەکرێت.

ئەو پەیامە بۆ هاوڵاتی و پزیشک و گشت ئەو خۆشەویستانەیە کەوا خزمەتی کەرتی تەندروستی دەکەن .

هیوادارم تەندروست بن ....

هەتا دەکرێت دەرمان ی دژە بەکتریا بەکار مەهێنن مەگەر زۆر پێویست بێت و لەسەر ڕاسپاردەی پزیشکی پسپۆر.

 

دکتۆر شێروان رەحمانەشەل نانەکەلی

 

پزیشکی پسپۆری فسیۆلۆجی و شارەزای گشتی.