ناس کورد-
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕووداوێکی هاتوچۆد شەش کەس گیانیان لەدەستدا، ئەو شەش کەسە سەرجەمیان ئەندامی خێزانێکن و پێکهاتوون لە باوکێک و دوو کوڕی و بوکێک و دوو کوڕەزای.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی تشرینی دووەمی 2021، لە ڕۆژی جیهانیی قوربانیانی هاتوچۆدا، ڕووداوێکی هاتوچۆ لەسەر ڕێگای چەمچەماڵ - کەرکوک لە نزیک بانی مەقان و گیان لەدەستدانی شەش کەس زۆرینەی هاووڵاتیانی ڕاچڵەکاند.
ناس کورد زانیویەتی، ئۆتۆمبێلە شکۆداکە کە شۆفێر و پێنج سەرنشینی دیکەی تێدا بووە، ماڵێکی کوردی خەڵکی ناحیەی قەرەهەنجیرن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی "ناس کورد" لە ڕووداوەکەدا، شۆفێرەکە کە ناوی خالید بووە، لەگەڵ دوو کوڕی و بوکێکی و دوو کوڕەزای کە منداڵان لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی چەمچەماڵ، شۆفێری بارهەڵگرەکەش بە سوکی بریندار بووە.
لەئێستادا تەرمەکان لە پزیشکی دادی سلێمنانین و دوای ئەنجامدانی پشکنین ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێتەوە کە خێزانی شۆفێرەکە و سێ کوڕی ماون و ئەوان لە ڕووداوەکەدا نەبوون.
بەوتەی وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم لەمساڵدا تاوەکو ئێستا 530 کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە و بەم ڕووداوەشەوە دەبێتە 536، هەروەها زیاتر لە شەش هەزار کەس برینداربوون.