ناس کورد-
لە هەڵمەتەکانی ئەمڕۆی لیژنەکانی قائیمقامییەتی سلێمانیدا، سێ کافتریا و مەیخانەیەک و ئارایشتگایەکی داخست و دەڵێت، خاوەنەکانیان ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی تشرینی دووەمی 2021، لە چەند ڕاگەیەنراوێکی جیادا قائیمقامییەتی سلێمانی داخستنی ژمارەیەک کافتریا و ئارایشتگای بەهۆکاری جیاواز ڕاگەیاند.
هەڵمەتەکەی قائیمقامییەتی سلێمانی بە داخستنی کافتریای "ئاکۆ چکۆلی 2" دەستیپێکرد، ئەوەش بەهۆی پابەند نەبوون بە مەرج و ڕێنماییەکانی کارکردن و هەروەها نەبوونی مۆڵەت.
هاوکات کافتریای پاریس یەکێکی دیکەیە لەو کافتریایانەی ئەمڕۆ لەلایەن قائیمقامییەتی سلێمانییەوە داخرا، ئەویش بەهۆی پابەندنەبون بەمەرج و رێنماییەکانی کارکردن بەگشتی و تەندروستییەکان بەتایبەتی.
هەر لە بەردەوامی هەڵمەتەکەیاندا لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی سلیمانی، کافتریای پرۆنتۆیان لەسەر رێگای سلێمانی - عەربەت داخست، وەک قائیمقامییەت دەڵێت، لەکاتی سەردانی لیژنەکەدا تێبینی هەبوونی خواردنەوە کحولییەکان کراوە بۆیە دەستیان بەسەر پێنج لیتر و (22) قوتوی بیرەدا گرتووە و هەروەها مۆڵەتی کارکردنیان نییە، هەربۆیە کافتریاکە داخراوە."
هاوکات قائیقامییەتی سلێمانی ڕایگەیاندووە، هەر ئەمڕۆ، بەهۆی سەرپێچیکردن لە مەرجەکانی کارکردن بەگشتی و رێنماییەکانی گەشتوگوزار بەتایبەتی، خواردن و خواردنەوەی سایە گوڵ1 لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی داخرا.
هەر لە هەڵمەتەکەی لیژنە هاوبەشەکانی قائیقامییەتی سلێمانیدا، بەهۆی پابەندنەبوون بەمەرج ورێنماییەکانی کارکردن و نەبونی مۆڵەتی تاتۆ دروستکردن، لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئارایشتگای نەیڵس ستۆدیۆیان لە شەقامی سالم داخست.