گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی وەزیری بەرگریی تورکیا دەداتەوە

2021.11.21 - 11:12
App store icon Play store icon Play store icon
وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی وەزیری بەرگریی تورکیا دەداتەوە

ناس کورد-

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی وەزیری بەرگریی تورکیای دایەوە و ڕایگەیاند، "وتەكانی خلووسی ئاكار لەمەڕ ئینكاركردنی كوردستان جێگەی سەرسوڕمانە".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەنراوەکەیدا (21ی تشرینی دووەمی 2021) ڕایگەیاندووە، "بۆ ئێمە جێگەی پرسیارە كەسێك لە پێگەیەكی فەرمیی دەوڵەتدا رێگە بە خۆی بدات ئینكاری واقیعێكی مێژوویی و دیموگرافی و جیوگرافی بكات، كە لە راستیدا خۆشی قەناعەتی پێی نییە. ئەو بەڕێزە خۆشی سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و، پێمان ناڵێ ئەو شوێنەی سەردانی كردووە كوێیە و ناوی چییە؟".

 

ڕاشیگەیاندووە، "عەقڵیەتی ئینكاركردنی میللەتێك و جیۆگرافیاكەی هەمیشە سەرچاوەی كێشە و گیروگرفت بووە و بە هیچ ئەنجامێك ناگات".

 

پێشتر خوڵوسی ئاكار لە لێدوانێكیدا وتبووی، "لە هیچ شوێنێكی دونیا جوگرافیایەك بەناوی كوردستان بوونی نیە؟!"

 

رۆژی 18ی کانوونی دووەمی 2021، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا و شاندی یاوەری گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی کۆبوونەوە، دواتر گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانیش کۆبووەوە.

 

ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە لەکاتی سەردانە فەرمییەکەی بۆ هەولێر، چاوی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەوتووە و وەکو لە ماڵپەڕەکەدا هاتووە، ئاکار و بارزانی کۆبوونەوەی دوو قۆڵییان ئەنجامداوە.



بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، دوای کۆبوونەوە دووقۆڵییەکەی نێوان خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوانی نێوان هەردوو شاندەکە بەڕێوەچووە.



لە ڕاگەیەنراوی ئەوەش هاتووە، ئاکار بە یاوەریی ژەنەراڵ یاشار گولەر، سوپاسالاری تورکیا، لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە لە باڵەخانەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێ کرا.



بەر لە سەردانەکەی بۆ بەغدا و هەولێر، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاندبوو، هیوادارە ئەو سەردانە "ببێتە مایەی خێر و لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات بێت".

هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە بۆ سەردانەکەی خولوسی ئاکار بۆ هەولێر.

بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ خولوسی ئاکار سوپاسی تورکیای کردووە بۆ هاوکارییەکانى لە شەڕى دژى داعشدا بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان و دووپاتى کردەوە کە "ناکرێت خاکى عێراق و هەرێمى کوردستان وەکو پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا و وڵاتانى دراوسێ بەکاربهێنرێت و هیواى خواست لەمبارەیەوە عێراق ئەرکى خۆى جێبەجێ بکات، هەروەها شاندى میوانى دڵنیا کردەوە کە هەرێمى کوردستان وەکو هەمیشە فاکتەرێکى ئارامى و سەقامگیریى ناوچەکە دەبێت".