گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

وڵاتێکى ئەوروپى لەبارەى کۆچبەرانى بیلاروسیا دەجوڵێت

2021.11.19 - 18:48
App store icon Play store icon Play store icon
وڵاتێکى ئەوروپى لەبارەى کۆچبەرانى بیلاروسیا دەجوڵێت

ناس کورد-

 

وەزیرى ناوخۆى ئۆکرانیا هەڕەشەى بەکارهێنانى چەکى کرد لەدژى کۆچبەران و رایگەیاند، پێویستە وڵاتەکەى بەربەست لەسەر سنورەکانى لەگەڵ بیلاروسیا و روسیا دروستبکات، بۆ رێگریکردن لە پەڕینەوەى کۆچبەران بەشێوەى نایاسایی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دینیس مۆناستریسیکى (19 تشرينى دووەمى 2021) ئاماژەى بەوەکرد، وڵاتەکەى بەدرێژایی 2.500 کیلۆمەتر سنورى هاوبەشى هەیە لەگەڵ  بیلاروسیا و روسیا و پێویستە لەبودجەى ساڵى داهاتوودا بودجە تەرخان بکرێت بۆ دروستکردنى بەربەست تا کۆچبەران نەتوانن سنور ببەزێنن، ئەوەش بەپێی ئاژانسى رۆیتەرز.

 

وتیشى وڵاتەکەى مەشقى نوێی سەربازى ئەنجام دەدات لەدوو هەفتەى داهاتوودا وەک ئامادەکاریی بۆ رێگریکردن لەو کۆچبەرانەى دەیانەوێت بەنایاسایی بپەڕنەوە.

 

مۆناستریسیکى جەختیکردەوە، وڵاتەکەى هەموو رێگەیەک بەکاردەهێنێت دژى پەڕینەوەى کۆچبەران، لەناویاندا بەکارهێنانى چەک.

 

ئۆکرانیا ترسی ئەوەى هەیە ببێتە وڵاتێکى دیکەى ناو قەیرانى ئێستاى کۆچبەران کە لەسنورەکانى بیلاروسیا کۆبوونەتەوە و دەیانەوێت بپەڕنەوە ئەوروپا.

 

ئۆکرانیا رۆژى پێنج شەممە رایگەیاند رێگرى لە گروپێکى 15 کەسى کۆچبەران کردووە کە ویستویانە لە بیلاروسیاوە بپەڕنەوە وڵاتەکەى، ئەوەش یەکەم رووداوى لەو شێوەیەیە لەدواى سەرهەڵدانى قەیرانى ئێستاى کۆچبەران.

 

پەرلەمانتارێکى ئەڵمانیا لەچەند رۆژى رابردوودا پێشنیازی کردبوو کۆچبەرانى سەر سنورى بیلاڕوسیا و پۆڵەندا بەشێوەیەکى کاتى لەئۆکرانیا جێگیر بکرێن، بەڵام ئەو بیرۆکەیە لەلایەن ئەو وڵاتەوە پشتیوانى ناکرێت.  

 

گفتوگۆ لەسەر ئەو بیرۆکەیە کە لەلایەن نیل شمید پەرلەمانتارى ئەڵمانییەوە خراوەتەڕوو لەئۆکرانیا دەستیپێکردووە لەکاتێکدا کۆچبەرەکان چاویان لەپەڕینەوەیانە بەرەو ئەوروپا، بەڵام هێشتا ئەڵمانیا و یەکێتى ئەوروپا بەفەرمى ئەو پێشنیازەیان ئاڕاستەى ئۆکرانیا نەکردووە، ئەوەش بەپێی پێگەى "DW" ى ئەڵمانى.  

  

چەند هەفتەیەک لەمەوبەر جیرالد کناوس سەرۆکى دەستپێشخەرى سەقامگیریی ئەوروپا پێشنیازێکى هاوشێوەى کردبوو، بەجۆرێک رێککەوتنێکى هاوشێوەى 2016 ى نێوان ئەوروپا و تورکیا واژۆ بکرێت بۆ یارمەتیدانى ئەو وڵاتانەى کە کۆچبەران وەردەگرن، وەکو ئۆکرانیا یان مۆلدۆفا یان جۆرجیا، بەڵام گومانى هەبوو بیلاروسیا بچێتە دانوستانەوە لەو بارەیەوە.  

  

ئۆکرانیا دەکەوێتە رۆژهەڵاتى ئەوروپا و لە کیشوەرى ئەوروپایە بەڵام بەشێک نییە لەیەکێتى ئەوروپا، هاوسنورە لەگەڵ روسیا و بیلاروسیا و پۆڵەندا، لە 24 پارێزگا پێکدێت کە گەورەترینیان کیفى پایتەختى وڵاتەکەیە،   

  

 میخایلو بودولياك راوێژکارى سەرۆکایەتى لە ئۆکرانیا دەڵێت، ئۆکرانیا رەزامەند نییە لەسەر رێککەوتنى لەو جۆرە لەبارەى کۆچبەران.  

  

بودولياك بیرۆکەکەى بە "رێزنەگرتن لەکۆچبەران و ئەوروپا" وەسفکرد و وتى "کۆچبەرانى سنورى بیلاروسیا ناکرێت وەکو کاڵا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکى تر بەمەبەستى سیاسی".