گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر لەبارەی گۆڕانگارییەكان

كۆمسیۆن: ئەگەری گۆڕانكاریی لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هەیە

2021.11.18 - 15:08
App store icon Play store icon Play store icon
كۆمسیۆن: ئەگەری گۆڕانكاریی لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هەیە

ناس كورد-

 

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ئاشكرای كرد ئەگەر هەیە بەهۆی بڕیارەكانی دەستەی دادوەرییەوە بۆ پێداچوونەوە و دووبارە ژماردنەوەی هەندێك لە وێستگەكان گۆڕانكاری لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕووبدات بەتایبەت لە كاندیدەكان. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەم لێدوانەی كۆمسیۆن بۆ كەناڵی فەرمی عێراق كە "ناس كورد" بینیویەتی لە كاتێكدایە ئەمڕۆ (18ی تشرینی دووەمی 2021) كۆتا وادەی وردبینییە لە ئەنجامەكان بۆ یەكلاییكردنەوەی تانەی سكاڵاكاران و كاندیدە سەرنەكەوتووەكان.

 

وتەبێژی كۆمسیۆن جومانە گلای ئەوەشی ئاشكراكردووە لەكۆی 1430 راسپاردە لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ تانەكان، دەستەی قەزایی هەزار بڕیاری دەركردووە، شەش لەو بڕیارانەش دووبارە ژماردنەوەی هەندێك وێستگە و هەڵوەشاندنەوەی هەندێك وێستگەی ترە كە پێشێلكاریی زۆری تێدا بووە. 

 

وتەبێژەكەی كۆمسیۆن ئەوەشی ئاشكراكرد ژماردنەوە 108 وێستگە دەگرێتەوە، هەندێكیشی هەڵدەوەشێنرێنەوە، بەتایبەت ئەوانەی دووبارەی پەنجەمۆری تێدایە و سەرپێچیكارانیش ڕووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە، بەڵام ئەمە كاتی پێویستە، بەهۆی ئەوەشەوە ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی دوا دەكەوێت.

 

بەگوێرەی زانیارییەكانی كۆمسیۆن لەهەندێ وێستگە جیاوازی دەنگ دەركەوتووە لە نێوان كۆتا براوە و یەكەم دۆڕاو، جیاوازییەكەش بەڕێژەی 5_20 دەنگ بووە، ئەمەش دەبێتەهۆی گۆڕانی ئەنجام.

 

بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەڵێت كۆمسیۆن دەیەوێت بە پاساوی دەنگی دووبارە، سەرجەم دەنگەکانی هەندێك وێستگەی هەولێر و نەینەوا بسوتێنێت، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی دوو کورسی لەدەست بدەن. جەختیش لەوە دەكاتەوە لە دادگای باڵای فیدڕاڵی سکاڵا تۆمار دەکەن و دوو كورسییەكە بەدەست دەهێننەوە.  

  

هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "ڕووداو" ی راگەیاند (18ی تشرینی دووەمی 2021) ئەگەر دەنگی چەند وێستگەیەک بسوتێنرێن، رەنگە حزبەكەیان دوو کورسی لەدەست بدات، بەڵام ئەو پێشهاتە کاتیی دەبێت و دواتر دوو کورسییەکە لە رێگەی دادگەی باڵای فیدڕاڵییەوە بەدەستدەهێننەوە و دەڵێت " لە هەڵبژاردنی خوولی پێشووی پەرلەماندا هەمان شت روویدا و بەدەستمان هێنایەوە".  

  

بەرپرسەكەی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئەوەشی ئاشكراكرد، بەپێی زانیارییەکانی ئەوان دەستەی دادوەریی كۆمسیۆن کە لە سێ دادوەر و سەرۆکی کۆمیسیۆن پێکدێت سوورە لەسەر سووتاندنی دەنگەكانی ئەو وێستگانەی كە پەنجەمۆری دووبارەیان تێدایە، بەشێک لەوانەش لە چەند بازنەیەکی هەولێر و پارێزگای نەینەوان".