ناس کورد-
پەرلەمانتارێکى پێشووى پارتى رایگەیاند، ئەگەرى گۆڕانکاریی پۆستى سەرۆک کۆمار لەقۆناغى ئێستادا لەئارادایە بەتایبەت کە لەدواى کۆچى دوایی جەلال تاڵەبانی یەوە بۆچونەکان لەبارەى پۆستەکەوە گۆڕاون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
موحسین سەعدون (17ی تشرینی دووەمی 2021) لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئاماژەى بەوەکرد، پێشتر رێککەوتن هەبووە لەنێوان پارتى و یەکێتى لەبارەى پۆستى سەرۆک کۆمار، بەڵام دواى کۆچى دوایی تاڵەبانى بۆچونەکان گۆڕاون لەبارەى پۆستەکە و ئەگەر هەیە لەم قۆناغەشدا بگۆڕدرێت.
وتیشى "پێکهێنانى حکومەت لانى کەم پێویستە بە رێککەوتنى نێوان شیعەکان هەیە، لەبەرئەوەى پڕۆسەى سیاسی پێویستى بە پەیوەندى باشى سەرجەم لایەنەکان و پشتبەستن بەدەستور و باوەڕبوون هەیە بەچارەسەرى سەرجەم کێشەکان".
سەعدون لەبارەى گۆڕانکاریی لە ئەنجامى بەشێک لە وێستگەکان باسى لەوەکرد، کە باسکردن لەهەندێ گۆڕانکاریی لەئەنجامەکان نیگەرانى کردوون، لەکاتێکدا هەفتەیەک لەمەوبەر دەوترا هیچ کێشەیەک رووینەداوە لەو وێستگانە.
پێشتر سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕایگەیاندبوو، کۆبوونەوەکانی شاندی یەکێتی لە بەغدا ئەنجامی باشی هەبووە و، پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی بووەتەوە کە بۆ کوردە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی (سێشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2021) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاند "سەردانی شاندەکەی یەکێتی بۆ بەغدا و زانیارییەکان لەسەر لایەنەکان و بۆچوونە جیاوازەکانیانی نێوان شیعەکان و بۆچونەکانیان لەسەر دانانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و بەشداریکردن یاخود بەشدارینەکردن، هەروەها شێوەی گفتوگۆ هەمووی ئەنجامی باشی هەبووە."
سەبارەت بەوەی لەگەڵ پارتیدا بەجیا چوونەتە بەغدا، سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەکردووە، " پارتی و یەکێتی وەفدییان ناردووە بۆ وەرگرتن و ڕاوبۆچوون و زانیاری لایەنەکانە نەک گفتوگۆی دامەزراندنی حکومەت، بۆیە ئەمە ڕێگە ناگرێت لەوەی هەردوولا زۆر بەڕاشکاوی باسی پێکەوەیی بکەن بۆ بەغدا، دەتوانن بەجیاش وەفد بنێرن بۆ بەغدا بەپێچەوانەوە بۆچونێکی زۆرباشە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری.”
سەبارەت بە پۆستەکان، سەعدی پیرە دەڵێت "هێشتا زووە بۆ ئەوەی باسی پۆستەکان بکرێت، بەڵام ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کوردە، هەرچەندە من زۆرم بۆ گرنگ نیە کە بە حەماسەوە باسی پۆستەکان بکەین، چونکە خەڵکی کوردستان کێشەی تری هەیە، ئێمە لە عێراق کێشەی ترمان هەیە و دەستور هێشتا بەتەواوی جێبەجێنەکراوە."