گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خوێندکارى پزیشکى لەسلێمانى

زانیارییەکان لە پزیشکى دادەوە..دالیا دواى ’’خواردنى حەب خۆى فڕێدایە خوارەوە’’

2021.11.17 - 21:36
App store icon Play store icon Play store icon
زانیارییەکان لە پزیشکى دادەوە..دالیا دواى ’’خواردنى حەب خۆى فڕێدایە خوارەوە’’

ناس کورد-

 

کچە خوێندکارێکى زانکۆ لەسلێمانى لەنهۆمى پێنجەمى بەشە ناوخۆییەک کەوتە خوارەوە و گیانى لەدەستدا، پۆلیس و پزیشکى دادوەرى دەڵێن رووداوەکە خۆکوژى بووە و ئەو کچە دواى خواردنى حەب لەو بینایەوە خۆى فرێداوەتە خوارەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

رووداوەکە ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە (17ی تشرینی دووەمی 2021) روویدا، کاتێک پۆلیس ئاگادارکرایەوە لە رووداوى کەوتنەخوارەوەى کچە خوێندکارێکى زانکۆ لەباڵەخانەى تایبەت بە بەشى ناوخۆیی مانەوەى خوێندکاران لە قلیاسان.

 

کچە خوێندکارەکە ناوى دالیا فازیلە و تەمەنى 22 ساڵە و خوێندکارى قۆناغی دووی کۆلێژی پزیشکی ددانی زانکۆی کۆمار بووە.

 

سامان نادر بەرێوەبەرى سەنتەرى فریاكه‌وتنی خێرای سلێمانی بۆ "ناس کورد" باسى لەوەکرد، ئاگادارکراونەتەوە لەوەى ئەو کچە لە نهۆمى پێنجەمى ئەو بینایەوە خۆى فڕێداوەتە خوارەوە، دواى ئەوەى حەبى خواردووە.

 

وتیشى "تا گواستنەوەى بۆ نەخۆشخانە کچەکە گیانى لەدەستنەدابوو، بەڵام دواى گەیاندنى بە نەخۆشخانە بەهۆى خوێنبەربوونى مێشکییەوە گیانى لەدەستداوە".

 

کچەکە خەڵکى خانەقینە و لەئێستادا تەرمەکەى براوەتە پزیشکى دادى سلێمانى و هێشتا رادەستى کەسوکارى نەکراوەتەوە.

 

سەرچاوەیەک لە پزیشکى دادى سلێمانى بۆ "ناس کورد" باسى لەوەکرد، رووداوەکە روونە کە ئەو کچە خۆى فڕێداوەتە خوارەوە، دواى ئەوەى حەبی خواردووە.

 

وتیشى هێشتا دیار نییە چەند حەبی خواردووە، بەڵام حەبەکان حەبی ئاسایی بوون و زانیارى زیاتر لەو بارەیەوە پێویستى بە پشکنینى تاقیگەیی هەیە.

 

زانکۆى کۆمار لەبارەى گیان لەدەستدانى ئەو کچە خوێندکارەوە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندووە "بە داخەوە هەواڵی مەرگی فێرخوازمان لە بەشی پزیشکی ددان (دالیا فاضل حسن) ڕادەگەیەنین کە بە کارەساتێکی دڵتەزێن ماڵئاوایی لێکردین".