گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

لەبارەی ’’گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی کورد لە بیلاڕووس بەزۆر’’ ڕوونکردنەوە دەدرێت

2021.11.16 - 12:01
App store icon Play store icon Play store icon
لەبارەی ’’گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی کورد لە بیلاڕووس بەزۆر’’ ڕوونکردنەوە دەدرێت

ناس کورد- 

بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر، تایبەت بە پرسى کۆچ و کۆچبەران کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا و پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، ئامادەی گەڕاندنەوەی کۆچبەرەکانی سنوری بیلاڕووسیا و سەرجەم پەنابەرانن لە وڵاتانی دیکە بە ڕەزامەندی خۆیان و بەبێ ئەوەی کەس فشاریان لێبکات. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا بەشی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، "سەرلەبەیانى ئەمڕۆ سێشەمە 16ی تشرینی دووەمی 2021) بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بەئامادەبوونى جێگرى پارێزگار و بەرپرسانى UNHCR و IOM و ETTC و بەڕێوەبەرى گشتیى چاودێرى و پەرەپێدانى کۆمەڵایەتى هەولێر و نوێنەرى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەرێوەبەرانى EJCC و کاروبارى ناوخۆى پارێزگاى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە پرسى کۆچ و کۆچبەران، بەتایبەتى دۆخی ئەو كۆچبەرە کوردانەى لە سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریانخواردووە ئەنجامدرا." 

 

ئاماژە بەوەشکراوە، "لەکۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى بەرز نرخاندنى ڕۆڵى ڕێکخراو نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانى UN لە هەماهەنگى و هاوکارى و هەموو ئەو کارانەى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر لەبارەى کەمپەکانى ئاوارە و پەنابەرانەوە ئەنجامیانداوە بەرز نرخاند و تەئکیدى لەسەر پەرەپێدانى زیاترى پەیوەنەدییەکانى نێوان پارێزگاى هەولێر و ڕیکخراوە نێودەوڵەتى و ئاژانسەکانى UN کردەوە، پاشان تیشکى خستە سەر پرسى کۆچ و کۆچبەران، بەتایبەتى ئەو کۆچبەرە کوردانەى کە لەسنوورى نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیرایانخواردووە و نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بارودۆخی سەختى ئەو هاووڵاتییانەی کوردستان راگەیاند." 

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، ئومێد خۆشناو ڕایگەیاندووە " پێویستە بەهەموو لایەکمانەوە بەشێوەیەکى زانستى له‌ هۆكاره‌كانی كۆچكردن بكۆڵینه‌وه‌ و بەهەماهەنگى بەرێوەبەرایەتى کۆچ و کۆچبەران و ڕووبەرووبوونەوەى قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر EJCC، ڕاپۆرتێک ئامادەبکەین و لەو راپۆرتەشدا ده‌خوازین شوێن پەنجە  UNHCR و IOM و ETTC پێوە دیار بێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەکو پاریزگاى هەولێر و هەموو فەرمانگە حکومییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر هاوکار و هەماهەنگ دەبین".

 

ئەوەش هاتووە، لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئارەزومەندانەی ئەو کۆچبەرانەى کە لە سنوورەکانی بێلارووس و پۆڵندا گیریانخواردووە و هەموو ئەوانەشى لەوڵاتانى ترن و خواستیان لەسەر گەڕانەوەیە و بەبێ ئەوەى هیچ کەسێک بە زۆر ناچار بە گەڕانەوەیان بکات، ڕایگەیاند، "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌خه‌می ئەو كۆچبه‌راندایه‌ و نیگەرانە لە بارودۆخی ئەو هاووڵاتییە کوردانە و هه‌موو ئه‌وانه‌شی کە ئێستا لە سەر سنوورەکانی بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریانخواردووە، ئێمە ھەڵگری ئازارەكانی ئەوانین، لەھەوڵى بەردەوامداین بۆ چارەسەرکردنى كێشەكانیان." 

 

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، " باشکردنی دۆخی ئەوکۆچبەرانە، بەرپرسیاریەتی هه‌موو لایەکمانە و دەبێت ڕێگە لەوە بگرین و چیتر نەهێڵین هاوڵاتییانى ئێمە لەلایەن قاچاخچی و بازرگانانی مرۆڤ و چه‌ند تۆڕێكی ده‌ره‌كی فریوبدرێن، بۆیە داواکارین لە گەڵ ئێوەى بەڕێز کار لەسەر ئەوە بکەین و سەلامەتی و ئاسایشی ئەو هاووڵاتییانەمان ببپارێزین".

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، "له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ هەریەک لە بەرپرسانى UNHCR و IOM و ETTC، ئامادەیی هەموو هاوکارى و هەماهەنگییەکیان لەوبارەیەوە لەگەڵ پارێزگارى هەولێر و پارێزگا نیشاندا و تەئکیدیان لەوەکردەوە کە هەرچی لەتوانای ئەواندابێت درێغى لێناکەن."