ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین کۆبوونەوە و تاوتووێی دواین پێشھاتە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی ھەرێم و عێراق و ناوچەکەیان کرد و بەشداری کورد لە حکومەتی داھاتووی عێراق و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە سیاسییەکان بەوردی گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی ڕاگەیەنراوی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی (15ی تشرینی دووەمی 2021)، لە کۆبوونەوەکەدا دوای ھەڵسەنگاندنی دۆخی گشتی و پرسە هەنووكەییەكان، "جەخت لە یەکڕیزیی نیشتمانی کورد و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، خزمەتکردنی خەڵكی كوردستان کرا."
دەشڵێت، "لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قۆناغی نوێی عێراق و دوای ھەڵبژاردنەکان ھەڵوەستەی لەسەر کرا و گرنگی یەک گوتاری کورد لە بەغدا بە پێویست زانرا و پەرۆشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکڕیزی و تەبایی ماڵی کورد دووپاتکرایەوە و جەختکرایەوە لەسەر پرۆژەیەکی ھاوبەشی نیشتمانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی بۆ کۆی پرسە سیاسییەکان و داڕشتنی بەرنامەیەكی هاوبەشی هەردوولا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و چەسپاندنی پرەنسیپی شەراكەت لە حوكمڕانی و جێبەجێكردنی داواكاریی هاوڵاتیان و بەدیهێنانی سەقامگیری".