گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێ

لێدوانی فەرمی لەبارەی کردنەوەی سنور بۆ کۆچبەرانی بیلاڕووس

2021.11.15 - 08:56
App store icon Play store icon Play store icon
لێدوانی فەرمی لەبارەی کردنەوەی سنور بۆ کۆچبەرانی بیلاڕووس

ناس کورد- 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، هەڵوێستی فەرمی ئەوەیە کە یەکێتی ئەوروپا ڕێگە نادات ئەو کۆچبەرانەی سنوری پۆڵەندا بچنە ناو خاکی ئەوروپا، دەشڵێت، ئەگەر ئەڵمانیاش ڕەزامەند بێت بە وەرگرتنیان دەبێت ڕەزامەندی یەکێتی ئەوروپا وەربگرێت. 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا (دووشەممە 15ی تشرینی دووەمی 2021) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاند، "بۆ یەکێتی ئەوروپا دوای بابەتی ئاسایش، بابەتی هاتنی کۆچبەران بابەتێکی هەستیارە و هەموییان کۆکن لەسەر ئەوەی ڕێگری لێبکرێت. ”



سەبارەت بە ڕای فەرمی یەکێتی ئەوروپا لەسەر کۆچبەرەکانی نێوان سنوری بیلاڕووس و پۆڵەندا، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە یەکێتیەکە ئاشکرای کردووە، "هەڵوێستی فەرمی ئەوەیە کە یەکێتی ئەوروپا ڕێگە نادات ئەو کۆچبەرانە بچنە ناو خاکی ئەوروپا، لەو چوارچێوەیەش جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا سەردانی لوبنان و عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەو شوێنانە دەکات کە خەڵکی ئەو وڵاتانە لێوەی کۆچ دەکەن، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شوێنانە قسە دەکرێت بەمەبەستی ئەوەی کە چۆن ڕێگە بگیرێت لەوەی خەڵک بەو شێوازە بچنە ئەوروپا، ئێستا ئەو شاندە لە لوبنانن و دواتر سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکەن." 

 

باسی لەوەشکردووە، "یەکێتی ئەوروپا مەبەستێتی جگە لە پارێزگاری سنورەکانیان ئەو سەرچاوانەش وشک بکەن کە پەنابەرییان لێوەدێت لەوێوە ڕێگرییان لێبکرێت، ئەو فشارەیان وای لە عێراق کرد کە باڵوێز و کونسڵخانەی بیلاڕووس لە عێراق و هەرێم دابخەن تا ڤیزە نەدرێتە خەڵک، هەروەها فشارییان خستە سەر هێڵە ئاسمانیەکانی تورکیا بۆ ڕێگرن لە گواستنەوەی کۆچبەری ئەو وڵاتانە، وەکو کەناڵێکی دیبلۆماسی یەکێتی ئەوروپا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، چونکە پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ هەردوولا هەیە. ”

 

دلاوەر ئاژگەیی دەڵێت، " دەبێت بەدواداچوون بکرێت بزانرێت هۆکارەکانی کۆچکردن چین؟ لە چ ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانە زیاتر ئەو کۆچە؟ ئەوە پێویستی بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە من ناتوانم ئێستا لێرەدا بڵێم هۆکارەکانی کۆچ لەبەر ئەوەیە، لەسەر بنەمای ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوە دەتوانرێت هۆکارەکانی کۆچ دەستنیشان بکرێت و چارەسەر بکرێت. ”

 

سەبارەت بە کەیسی وەرگرتنی پەنابەرانیش، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەکردووە، " کەیسی نەبوونی ئازادی لە هەرێمی کوردستان کەیسێکە ڕەنگە زۆر قبوڵ نەکرێت لە ئەوروپا کە پەنابەر وەردەگرن، چونکە ئەوان خۆیان لەکوردستانن و دۆخەکە دەبینن، ئەگەر سەیری سۆشیاڵ میدیای کورد بکەن دەبینین کە خەڵک بەدڵی خۆی شت دەنوسێت، هەندێک شت دەنوسرێت کە ڕەنگە بەپێی یاساکانی ئەوروپاش ڕێگە پێدراو نەبێت و لێپێچینەوەی یاسایی لەسەر دەکرێت."

 

سەبارەت بە دەنگۆی وەرگرتنی ئەو کۆچبەرانە لەلایەن ئەڵمانیاوە، ئاژگەیی ڕایگەیاندووە، "کێشەکە تۆزێک ئاڵۆزە، چونکە ئەگەر وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا یا هەر وڵاتێکی تر ئامادەبێت بۆ وەرگرتنی ئەو کۆچبەرانە دەبێت لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا هەماهەنگ بکات، یانی کۆی گشتی یەکێتی ئەوروپا هەماهەنگی لەسەر بدات بۆیە بەبۆچونی من ئەوە کەمێک قورس دەبێت بۆ ئەو وڵاتانە، جگە لەوەش زۆر جار لەلایەن هەندێک سایت و ڕاگەیاندنەوە ئەو دەنگۆیانە بڵاوکراونەتەوە، بەڵام بڕوا پێکراو نەبوون."

 

دەربارەی هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کۆچبەرانە؟ ئاژگەیی باسی لەوەکردووە، " ئەوەی حکومەتی هەرێم زیاتر بتوانێت بۆ ئەو کۆچبەرانەی بکات ئەوەیە هەوڵی ئاسانکاری تەواو بدات بۆ ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆکوردستان، چونکە وڵاتی سێیەمە ناتوانرێت هیچ بکرێت. ”