گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

سەرکردایەتییەکى یەکێتى: مەسرور بارزانی پۆستى کاندیدەکانی یەکێتی لەناو حکومەت دیاری دەکات

2019.07.06 - 22:25
سەرکردایەتییەکى یەکێتى: مەسرور بارزانی پۆستى کاندیدەکانی یەکێتی لەناو حکومەت دیاری دەکات
ناس کورد- شەهرام عەزیز   کۆبوونەوەی ئەنجومەنى سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانى کوردستان، بۆ دیاریکردنی کاندیدی پۆستەکانی ئەو حزبە لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمى کوردستان، کۆتایهات و ناوی 9 کەس بۆ پۆستەکانی حکومەت و سێ کەسیش بۆ سەرۆکایەتییەکان، یەکلاکرایەوە. . محەمەد وەتمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بۆ سێ سەرۆکایەتییەکە هەریەک لە قوباد تاڵەبانی کاندیدە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت و ڕێواز فایەق کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جەعفەر شێخ مستەفا کاندیدە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم". . سەبارەت بە ناوی کاندیدەکانیان بۆ پۆستەکانی حکومەت، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، ناوی نۆ کەسیان دیاریکردووە بۆ شەش وەزارەت و سێ دەستە کە لە کابینەی نوێ پشکی یەکێتییە و هیچ کەسیان دیاری نەکردووە بۆ پۆستێکی تایبەت، بەڵکو ئەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی کابینەکە دیاریدەکات کە چ کەسێک دەخاتە چ پۆستێکی تایبەت بە یەکێتی بەپێی پسپۆڕی. . بە گوێرەى وتەی محەمەد وەتمان، لە دیاریکردنی کاندیدەکاندا ڕەچاوی ناوچەی جوگرافی کراوە و بەمشێوەیە دیاری کراوە: . دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، لەسەر ناوچەی هەولێر . بێگەرد تاڵەبانی، لەسەر ناوچەی ڕاپەڕین . شۆڕش ئیسماعیل، لەسەر ناوچەی سلێمانی . ئارامی حەمەی مینا، لەسەر ناوچەی گەرمیان . خالید شوانی و عوسمان شوانی و ڕەوەندی مەلا مەحمود لەسەر ناوچەی کەرکوک . حەمەی حەمە سەعید، لەسەر ناوچەی هەڵەبجە . ئیسماعیل مەحمود، لەسەر ناوچەی سۆران . ئەندامەکەی ئەنجومەنى سەرکردایەتی یەکێتی، جەختى کردەوە، سبەینێ (یەکشەممە، 7ى تەموزى 2019) ناوی سەرجەم ئەو کاندیدانە دەدەنە دەست مەسرور بارزانی، ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم. .