ناس کورد-
لاهور شێخ جەنگى داواى لێبوردنى لەخەڵکى سلێمانى دەکات "بەرامبەر ئەو هەموو ئازارەی" کە ئەم ماوەیە خستوویانەتە دڵیانەوە و جەختیشدەکاتەوە دژ بە هەر سیاسەتێک دەوەستێتەوە کە بیەوێت ئەم شارە پەراوێز و پشتگوێ بخات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لاهور جەنگى (یەکشەممە 14ی تشرینی دووەمی 2021) لەپەیامێکدا بەبۆنەى یادی ٢٣٧ ساڵەی سلێمانییەوە نوسیویەتى "وەک یەکێتییەک، خزمەتکاری ڕاستەقینەی سلێمانی دەبم و هەتا ماوم خۆم بە قەرزداری خاک و خەڵکەکەی دەزانم".
دەقى پەیامەکە:
لە یادی ٢٣٧ ساڵەی لە دایکبوونی سلێمانی، شارە حەیاتەکە، سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنم لە بەردەم ئەم شارە شازە و خەڵکە تێکۆشەرەکەی، کە هەمیشە خەم و ئازاری ئەم میللەتەیان لە ئامێزگرتووە، ئەم شارە پێشەنگ و پێشڕەو بووە لە قوربانیدان و خۆڕاگری و بهرهنگاربوونەوە، ئازا و ئازاد، بە هەڵوێست و بزوێنەری گۆڕانکاری و جۆشدانی خەبات و هەستانەوە و جووڵانەوەی سیاسی و یاخیبوون و ڕەتکردنەوەی غەدر و ناهەقی و دەسەڵاتی تاکڕەویی بووە، سلێمانی پڕە لە ورە و وزە، ڕەشەبایە دژ بە غەدر و ناهەقی، ئارام و لەسەرخۆیە لەگەڵ ئاوەدانی و ئارامی و گەشەپێدان و خزمەتکردن. مەشخەڵی زانست و مەڵبەندی دەرکەوتنی دەیان ڕووناکبیر و تێکۆشەر و کەسایەتی دیار و سەرکردەیە کە ڕەچەشکێن بوون لە ڕووداوە سیاسی و ئەدەبی و ڕووناکبیری و مێژووییەکاندا.
وەک یەکێتییەک، خزمەتکاری ڕاستەقینەی سلێمانی دەبم و هەتا ماوم خۆم بە قەرزداری خاک و خەڵکەکەی دەزانم، دژ بە هەر سیاسەتێک دەوەستمەوە کە بیەوێت ئەم شارە پەراوێز و پشتگوێ بخات و ستەمی لێبکات. هەر لێرەشەوە دەمەوێت داوای لێبووردنیان لێبکەم بەرامبەر ئەو هەموو ئازارەی کە ئەم ماوەیە خستوومانەتە دڵی تاک بەتاکی ئەم شارە مەزن و خۆشەویستە.
پیرۆزبێت یادی بنیادنانی شارە حەیاتەکە و شاری ھەڵمەت و قوربانی.