ناس کورد-
حکومەتى پۆڵەندا ئەو دەنگۆیانەى رەتکردەوە کە باس لە گواستنەوەى کۆچبەرانى سەر سنورى وڵاتەکەى دەکات بۆ ئەڵمانیا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حکومەتى پۆڵەندا (یەکشەممە 14ی تشرینی دووەمی 2021) لەبەیاننامەیەکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند، هەندێ دەنگۆ لەناو کۆچبەران بڵاوبووەتەوە لەبارەى گواستنەوەى کۆچبەران بە پاس لە 15 ى مانگەوە بۆ ئەڵمانیا و رێگەدانى دەسەڵاتدارانى پۆڵەدا بە تیپەڕاندنى سنور.
ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو دەنگۆیانە ناڕاستن، سنور بەپارێزراویی و بەهێز دەمێنێتەوە، ئەو دەنگۆیانە دەبنە هۆى هاندانى کۆچبەران تا بەلێشاو بچنە سنورى پۆڵەندا.
ماوەی چەند مانگێکە کۆچکردن لەڕێگەی بیلاڕووسیا و لەوێوە بۆ پۆڵەندا و گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا بووەتە دیاردە و لەئێستاشدا بە هەزاران کۆچبەر لە سنوری ئەو وڵاتە کۆبوونەتەوە کە بەشێکی زۆریان کوردن.
یەکێتی ئەوروپا بیلاڕووسیا تۆمەتبار دەکات بە بەکارهێنانی کۆچبەران بۆ مەرامی سیاسی خۆی و بەکارهێنانیان دژی وڵاتانی ئەوروپا کە سزایان خستووەتەسەر ئەو وڵاتە.
ماریۆس كامینسكی، وهزیری ناوخۆی پۆڵهندا (شەممە 13ی تشرینی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، " بڕیارمان داوە بە دروستکردنی دیوارێک بە بەرزی پێنج مەتر و درێژی 180 کیلۆمەتر لە سنوری وڵاتەکەمان لەگەڵ بیلاڕووسیا و هەوڵدەدەین تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو پڕۆژەکە تەواو بکەین."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " دیوارەکە تەلبەن نییە، بەڵکو ئەندازەییە و كامێرای بینینی شهو و كامێرای چاودێری و ئامێرهكانی تۆماركردنی جووڵه و دەنگی تێدا جێگیر دەکرێت و لەو ڕێگەیوە سنورەکەمان کۆنتڕۆڵ دەکەین."