ناس کورد-
وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێژەی دانیشتووانی بە مەرج داناوە بۆ دیاریكردنی پشكی هەر پارێزگایەك و ڕێگە نادەن بنەمای دیكە بەكار بهێندرێت، هەر بۆیە پشکی پارێزگای هەڵەبجە کراوەتە چوار ملیار دینار.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پێشتر كاوە شێخ عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لەبارەی كەمكردنەوەی پشكی پارێزگاكە بۆ ساڵی 2021 لە 25 ملیار دینار بۆ 4.5 ملیار دینار لە هەژماری خۆی نوسیبووی، "مافی هەڵەبجە لە جێبەجێكردنی یاساكان و بڕیار و رێنماییەكان زۆر دەخورێت و هەمووشی دەیان جار لەشوێنی خۆی باسكراوە بەڵام بێ سوود بووە و لە ڕوونكردنەوەكانی داهاتوو وردەكاریی و دۆكۆمێنتی پێویست دەخەینە ڕوو."
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەڵامی کاوە شێخ عەلی دەداتەوە و دەڵێت، "ناكرێت لە پۆستیكی ئاوا بیت و ئاگاداری كارو پرۆژەكانی وەزارەتی پلاندانان نەبیت بە شاهیدی هەموو لایەك دەرگامان كراوەیە، بۆ هەموو كەسێك و پێدانی زانیاری نەك بەلارێدابردن و چەواشەكاری ئەو خزمەتانەی پێشكەش بەشاری هەڵەبجەی خۆشەویستمان دەكەین."
دەقی روونكردنەوەكە
ڕوونكردنەوەیەك سەبارەت بە پشكی پارێزگای هەڵەبجە لە بودجەی پرۆژەكان لەسەردەمی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان
لەبری پۆستی فیس بوك؛ جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەیتوانی سەردانی وەزارەتمان بكات بۆ زانیاری و ئاگاداربون، لە بریار و تەرخانكردنی بودجە بۆ پارێزگای هەڵەبجە، چونكە لامان سەیرە! ناكرێت لە پۆستیكی ئاوا بیت و ئاگاداری كارو پرۆژەكانی وەزارەتی پلاندانان نەبیت بە شاهیدی هەموو لایەك دەرگامان كراوەیە، بۆ هەموو كەسێك و پێدانی زانیاری نەك بەلارێدابردن و چەواشەكاری ئەو خزمەتانەی پێشكەش بەشاری هەڵەبجەی خۆشەویستمان دەكەین.
1. وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی فیدراڵ تایبەت بە تەرخانكردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، نووسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم كردووە بەژمارە ٢١٤٨ /لەریكەوتی ٥-٩-٢٠٢١ و داوای لە وەزارەتمان كردووە دووبارە ڕێژەی پارێزگاكانی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەك دیاری بكرێت، بەمەرجێك كۆی گشتی هەموو بودجەكە لە (١٠٠) ملیار دینار تێپەڕ نەكات.
وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ رێژەی دانیشتووانی بە مەرج داناوە بۆ دیاریكردنی پشكی هەر پارێزگایەك و ڕێگە نادەن بنەمای دیكە بەكار بهێندرێت ، چونكە تەنها بنەمای ڕێژەی دانیشتووان بۆ هەموو پارێزگاكانی عێراق پەیڕەو دەكرێت.
2. وەزارەتی پلاندانانی هەرێم، لە كۆی (٩٩) ملیار دیناری بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، بڕی (٤،٥٣٥،٥٠٠،٠٠٠) دیناری بۆ پرۆژەكانی پارێزگای هەڵەبجە تەرخانكردووە، كە ئەمە دەكاتە ڕێژەی (٤.٥)٪ـی كۆی پارەی تەرخانكراو، لە كاتێكدا بە داتای ڕێژەی دانیشتووان پارێزگای هەڵەبجە بڕی (٢)٪ـی بەردەكەوێت،واتە بەڕێژەی (١٢٥)٪ لە پشكی خۆی زیاتر بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخانكراوە.
3. هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هەوڵدراوە كە تایبەتمەندی پارێزگای هەڵەبجە لە پشكی پرۆژەكاندا لەبەرچاو بگرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە كۆی گشتی (٥٧٠) ملیار دینار پارەی تەرخانكراوی پرۆژەكان بۆ ساڵی ٢٠٢١، بڕی (٣١.٦١) ملیار دینار بۆ پرۆژەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە تەرخان كراوە (كە هەر لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بە یەك نووسراو بڕی ٢٣ ملیار بۆ هەڵەبجە تەرخانكرا)، كە ئەگەر پشكی ڕاستەقینەی پارێزگاكە و ڕێژەی دانیشتووان بووایە، دەبوو بڕی (١١.٤) ملیار دینار بۆ پرۆژەكانی ئەم پارێزگایە تەرخان بكرایە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی قوربانیدانی خەڵكی ئەم ناوچەیە و تایبەتمەندی ئەم پارێزگایە، كابینەی نۆیەم لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ڕێژەی (٥.٥٪) پارەی پرۆژەكانی بۆ ئەم پارێزگایە تەرخانكردووە، واتە دوو هێندە و نیو زیاتر لە پشكی خۆی بەركەوتووە.
4. سەرەڕای هەموو ئەمانە، بۆ مەبەستی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و خزمەتكردنی جوتیارانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، دوابەدوای وەرگرتنی ڕەزامەندی زارەكی سەرۆكی حكوومەت، وەزارەتمان نووسراوی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی فەرمی سەرۆكی حكوومەت، بۆ دروستكردنی سایلۆ و كۆگای عەمباركردن لە هەڵەبجە، كە بێگومان ئەمەش دەبێتە یەكێك لە پرۆژە ستراتیژی و گرنگەكانی كابینەی نۆیەم لە سنووری ئەم پارێزگایە و خزمەتێكی بەرچاو بە جوتیارانی ناوچەكەدەگەیەنێت.
لێرەوە بە هەموو دانیشتوانی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەنین وەزارەتی پلاندانان بەبێ جیاوازی كاردەكات لە تەرخانكردنی بودجە و دیاری كردنی پرۆژە لەهەموو شارو شارۆچكەكانی كوردستان بەپێی بودجەی بەردەست و بپێویستی ناوچەكان، پۆستی فیس بوكی جێگری پارێزگای هەڵەبجە و ئەوانەی دەیانەوێت چەواشەكاری كارو بەرنامەكانمان بكەن ساردمان ناكاتەوە و هەموو لایەك دەتوانن سەردانی وەزارەتمان بكەن و ئاگاداری زانیاریەكان بن.
وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم