ناس کورد-
بەگوێرەی سەرچاوە کەشناسییەکانی هەرێم، سبەینێ هەینی پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزمدەبنەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان دەگەنە ژێر سفری سیلیزی، هەروەها ئەگەری باران و بەفر بارینیش هەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی (پێنجشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، "لە ئەنجامی زیادبوونی کاریگەری بارستە ھەوای سارد سبەی ھەینی پلەکانی گەرما بەرێژەی ٣ تا ٤ پلەی سیلیزی نزمتردەبنەوە، بەرزترین پلەکانی گەرما بەم شێوەیە دەبێت لەسەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم ( سلێمانی ١٥ پلە، ھەولێر ٢١ پلە، دھۆک ٢٠ پلە، ھەڵەبجە ١٥ پلە، کەرکوک ٢١ پلە ) لەناوچەکانی گەرمیان لە نێوان ٢١ بۆ ٢٢ پلە ەەبێت لە سنوری ئیدارەی راپەرین لەنێوان ١٥ بۆ ١٦ پلە دەبێت."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " خێرایی با لە ئاڕاستەی باکوری رۆژھەڵاتەوە بەشێوەی رەشەبا لەناوچەکانی رۆژھەڵاتی ھەرێم چالاک دەبێت بەتایبەت ناوچە شاخاویەکان بە خێرایی ٢٠ تا زیاتر لە ٣٥کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری ئەو نزمەپاڵەپەستۆیە ئاسمانی ھەرێم بە زۆری نیمچە ھەور دەبێت و لەناوچەکانی رۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و سنوری ئیدارەی راپەرین و پارێزگای ھەڵەبجە بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان بەزۆری ھەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری بارانبارینی پچر پچر و کەم بۆ مامناوەند لە ھەندێک کاتدا و بارینی بەفر لەناوچە شاخاوییەکاندا، بۆیە کەش تا ڕادەیەکی زۆر سارد دەبێت."
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، " لەکاتەکانی ئێوارە شەودا ئاسمانی ھەرێم دەگۆڕێتەوە بۆ ساماڵ و کاریگەری ئەو نزمەپاڵەپەستۆیە کۆتایی پێدێت، بەڵام چالاکی با بەشێوەی رەشەبا و وشکە سەرما لەناوچەکانی رۆژھەڵاتی ھەرێم وەک سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەرین بەردەوامی دەبێت و لەناوچە شاخاوییەکان پلەکانی گەرما بۆ پلەی بەستن سفر و چەند پلەیەک ژێر سفری سەدی نزمدەبنەوە."