ناس کورد-
نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕایگەیاند، سەردانەکەی ئیسماعیل قائانی پاش هەوڵی تیرۆکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بوو، پەیامی ئێرانی بە لایەنە عێراقی و کوردییەکان گەیاندووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نازم دەباغ (11ى تشرينى دووەمى 2021) بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ”سەردانەکەی ئاغای قائانی لەمکاتەدا بۆ عێراق سەردانێکی گرنگ بوو چونکە هەوڵدان بۆ کارێکی قێزەونی وەک تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق نەک لە بەرژەوەندی ئێران نیە بەڵکو لەبەرژەوەندی هیچ کەس نیە کە کاربگاتە ئەوەی ئێران و عێراق خەڵک لەیەکتر تیرۆر بکەن.”
وتیشى ”جگە لەوەی سەردانەکەی قائانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بووە لە عێراق پاش هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هاوکات بۆ ئەوەبوو پەیام بدات بەو کەسانەی خۆیان بە نزیکی ئێران تا لەبری ئێران شەڕ نەکەن لە عێراقدا، بڕیار نەدەن چونکە وەک هەمیشە ئێران وتویەتی ئێمە خۆمان دەزانین لەکوێ شەڕ دەکەین؟ بۆ شەڕ دەکەین وە بۆچی دەیکەین؟”.
نازم دەباغ دەشڵێت”بەشێوەیەکی گشتی ئاغای قائانی نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ ئەو دیو سنور لە نێویشیاندا عێراق، بۆیە ئەوەندەی من بزانم و بیخوێنمەوە، ئەوەیە دەبێت لایەنە عێراقییەکان بەم ئەنجامەی هەڵبژاردنەکان ڕازی ببن، چونکە ئەمە سیاسەتێکی دروستە سبەی ئەگەر هەڵبژاردن بکرێتەوە کەواتە هەمان دەرگا بۆ لایەنەکەی تر دەکرێتەوە، بۆیە ئەم کێشمە کێشمە بەردەوام دەبێت کە لە زیانی خەڵکی عێراقە.با ڕازی بن بگەڕێنەوە بۆ ئەو سیستمە کۆنەی کە حکومەتی لە دوای 2003 ەوە پێپێکهات کە بریتیە لە سازانی لایەنەکان. ”
نازم دەباغ سەبارەت بە سەردانەکەی قائانی بۆ کوردستان و پەیامی بۆ لایەنە کوردییەکان وتی ”من پێم وایە هەمیشە قائانی کە چۆتە عێراق دەرفەتی هەبوبێت سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کردووە ئەمەش وەک واتای ئەوەی کوردیش بە ئەندازەی ئەو لایەنە شیعەی ئێران دەیبنیێت لەبەغداد بۆ ئێران گرنگە، بۆ پارسەنگی سیاسەت لە عێراق، پەیامی ئێرانیش بۆ کورد ئەوەیە کە کورد نەکەوێتە ناو بەردەئاشی ململانێی شیعە بەشیعە، کە شیعە بە تەوافوق و زۆرینە لەناوخۆیاندا ڕێکبکەون ئەوکات کوردیش پشتیوانی ئەو لایەنە بکات کە دەتوانێت نوێنەرایەتی زۆرینەی شیعە و عێراق بکات. ”
بە بڕوای نازم دەباغ لە عێراقدا ئاسان نیە بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت کێ حکومەت پێکدەهێنێت ”چونکە ژمارەی کورسی بەتەنها بەس نیە، ڕاستە سەرکردەیەکی شیعە وەک موقتەدا سەدر وەکو کورسی، ژمارەی کورسییەکانی زۆرە، بەڵام لەبەرامبەردا چوار سەرکردەی شیعە هەن ”جا ئیتر لایەنگری ئێران بن یاخود دژ، ئەوان چوار سەرکردەن و سەنگیان زیاترە لە یەک سەرکردە.”
سەبارەت بە لایەنی کوردیش دەباغ وتی ”کورد ناتوانێت بچێتە هیچ بەرەیەک دژی بەرەکەی تر بوەستێتەوە چونکە بۆ ئێمە( کورد) نە ئێران ئەو هێزەیە کە بتوانێت لە هەموو کاتێکدا پارێزگاریمان لێبکات، نە ئەمەریکا و وڵاتانی تریش ئەو هێزەن تا ئەو متمانەیان پێبکرێت و پشتییان پێ ببەسترێت، کورد دەبێت بێ لایەن بێت، دەبێت هەوڵبدات شیعە لە نێو ماڵی خۆی.”