گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتى هەرێم هەڵوێستى خۆى لەسەر گەڕاندنەوەى زۆرەملێی کۆچبەران راگەیاند

2021.11.10 - 21:53
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتى هەرێم هەڵوێستى خۆى لەسەر گەڕاندنەوەى زۆرەملێی کۆچبەران راگەیاند

ناس کورد-

 

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هەرێم دژى گەڕاندنەوەى کۆچبەرانە  بە زۆرەملێ و پێویستە بیلاروسیا و پۆڵەندا پابەندبن بە پاراستنى مافی کۆچبەران و ژیانیان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دیندار زێبارى (10 ى تشرينى دووەمى 2021) لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەى بەوەکرد، حکومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەک دژی بە قاچاخ بردنی هاووڵاتیانە ، پرۆسەکە لە دەرەوەی هەرێم ئەنجام دەدرێت، کۆچبەران لە رێگای وڵاتانی دراوسێوە بە ڤیزای گەشتیاری یان بە هەر شێوەکی دیکە روو لە وڵاتانی ئەوروپا دەکەن.

 

دەشڵێت "پرۆسەکە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەنجام دەدرێت، بەچەند کاروانێک هەزاران کەس کۆدەکرێنەوە تا دەگەنە سنووری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا".

 

زێبارى جەختیکردووەتەوە، هەرێم دژی هەر هەنگاوێکە کە ببێتە هۆی گەڕانەوەی زۆرەملێی کۆچبەران، پێویستە هەردوو وڵاتی پۆڵەندا و بێلارووس پابەند بن بە پرەنسیپەکانی جاڕنامەی جێهانی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی مافی کۆچبەران و پاراستنی ژیانیان.

 

بەوتەى زێبارى، ئەوانەی کۆچ دەکەن لەوێ "چیرۆکی ناڕاست" لە بارەی ھەرێمی کوردستانەوە باس دەکەن، تەنیا لە پێناو وەرگرتنیان.

 

ماوەى نزیکەى مانگێکە خەڵکێکى زۆر لەهەرێمى کوردستانەوە بەهیواى گەیشتنە ئەوروپا رێگەى بیلاروسیایان گرتووەتەبەر، ئەوەش پاش وەرگرتنى ڤیزەى ئەو وڵاتە بەرانبەر بڕێک پارە.    

  

بەشى زۆرى ئەو کەسانە لەئێستادا لەسەر سنورەکانى بیلاروسیا گیریان خواردووە و پۆڵەندا سنورى بەسەردا داخستوون و بەهێزى سەربازى روبەڕوویان بووەتەوە، ئەوەش روبەڕووى دۆخێکى سەختى کردوونەتەوە و دیار نییە چارەنوسیان بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت.    

 

جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا (10ی تشرینی دووەمی 2021) وتی، "بەدواداچوونی بۆ پرسی کۆچکردنی گەنجان دەکەین، کۆچکردن بووەتە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە و ئەوەش تاوانێکی نێودەوڵەتییە."  

  

ئاماژەی بەوەشکرد "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەجدی کاری لەسەر رەخساندنی هەلی کار کردووە، هەروەها گرفتی مووچەی فەرمانبەرانیش چارەسەر کراوە".  

  

جوتیار عادل جەختی کردەوە کە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى عیراقى هەماهەنگى دەکات بۆ چارەسەرى دۆخى کۆچی گەنجان و هەر کەسێکیش لە بیلاڕووس و پۆڵەنداوە دەیەوێت بگەڕێتەوە کوردستان حکوومەتى هەرێمى کوردستان هاوکاریی دەکات.  

  

هاوکات سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەکەدا وتی، "بوونی پەکەکە هۆکارێکی سەرەکییە کە خەڵکی کۆچ دەکەن، بۆ نمونە لە ناوچەکانی بادینان و هەروەها ڕانیە کە نزیکە لە قەندیل، خەڵکی ناوچەکە ئاوارە بوون و ناتوانن بچنەوە سەر باغ و زەوییەکانیان بەهۆی بوونی پەکەکە لەو ناوچانە."  

  

وتیشی، "بوونی پەکەکە بووەتەهۆی ڕێگری لە وەبەرهێنەران کە بچنە ئەو ناوچانە و ئاوەدانیان بکەنەوە."   

  

سەفین دزەیی باسی لەوەشکرد کە "لەگەڵ کونسوڵخانە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پۆڵەندا لە پەیوەندیی بەردەوام داین، هەروەها لەگەڵ ئەودا نین کۆچبەران بە زۆر بەگەڕێنرێنەوە کوردستان و داواشمان کردووە هاوکاری بکرێن تاوەکو کێشەکانیان چارەسەر دەکرێن".  

  

سەفین دزەیی روونیشی کردەوە کە هەوڵەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوامە تا بتوانێ ژیانێکى شایتەتر و گونجاوتر بۆ خەڵکى کوردستان دابین بکات، ئەوە حکومەتى هەرێمى کوردستانیش بەردەوام ئەو پرسە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، ئەو پرسە لە بیلاڕووسیاش بە سیاسی کراوە چونکە ئەوان گرفتیان لەگەڵ یەکێتى ئەوروپا هەیە بۆیە ئەو هەڵسوکەوتە لەگەڵ پەنابەران دەکات.