ناس کورد-
قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، قسەکانى عەتا سەراوى لەسەر مەسرور بارزانى رەتدەکەنەوە و لێکۆڵینەوەى لەگەڵدا دەکرێت، دواى ئەوەى بارزانى بە "هەوڵدان بۆ ژەهرخواردکردنى" تۆمەتبارکردبوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
قوباد تاڵەبانى (10ی تشرینی دووەمی 2021) لە لێدوانێکى رۆژنامەنوسیدا وتى "کوردستان لەبەردەم دۆخێکی هەستیاردایە، بۆیە گرنگە هەموو بەرپرسە سیاسیەکانمان کار بکەن لە پێناو یەکڕیزی گەلەکەمان و دروستکردنی بەرەیەکی نیشتیمانی نەک قوڵترکردنی درزەکانی نێوانمان".
وتیشى "لێدوانی عەتا سەراوی دەربارەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک تەعبیر لە ڕای سەرکردایەتی یەکێتی ناکات و پەسەند نیە، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەکانمان بۆ ئەم مەبەستە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ناوبراو دەکەن".
پێشتر نوسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەبێت عەتا سەراوى لە بەردەم دادگادا باجی قسە "هەڵبەستراوەکانی" بدات لەسەر سەرۆکى حکومەت.
لە ڕوونکردنەوەیەکدا نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم (چوارشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، "کەسێک بەناوی عەتاوی سەراوی کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە، لە چاوپێکەوتنێکدا بە شێوازێکی ناڕێک و ئاست نزم، کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەما و قسەی هەڵبەستراوی ئاراستەی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەرچەند ئەو کابرایە، خۆی ماوەیەک لە مەوبەر بە ئاشکرا ڕایگەیاند، کە لەلایەن هاوسەرۆکێکی پێشووی یەکێتی، هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێکراوە، کەچی دەیەوێت بەو تۆمەتانە، بابەتی ژەهردەرخوارددانی سەرکردەکانی حیزبەکەی، لە بیر خەڵک بباتەوە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بۆیە لە بەرامبەر تۆمەتە بێ بنەماکانی، ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر و دەبێت لە بەردەم دادگادا باجی قسە هەڵبەستراوەکانی بدات. "