گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتی هەرێم: بوونی پەکەکە هۆکارێکی سەرەکی کۆچی گەنجانە

2021.11.10 - 14:01
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتی هەرێم: بوونی پەکەکە هۆکارێکی سەرەکی کۆچی گەنجانە

ناس کورد-

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دیاردەی کۆچ دیاردەیەکی جیهانییە و "پرسەکەش کراوەتە پرسێکی سیاسی"، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمیش جەختی دەکاتەوە کە "بوونی پەکەکە هۆکارێکی سەرەکی کۆچکردنی گەنجانە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جوتیار عادل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا (10ی تشرینی دووەمی 2021) وتی، "بەدواداچوونی بۆ پرسی کۆچکردنی گەنجان دەکەین، کۆچکردن بووەتە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە و ئەوەش تاوانێکی نێودەوڵەتییە."

 

ئاماژەی بەوەشکرد "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەجدی کاری لەسەر رەخساندنی هەلی کار کردووە، هەروەها گرفتی مووچەی فەرمانبەرانیش چارەسەر کراوە".

 

جوتیار عادل جەختی کردەوە کە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى عیراقى هەماهەنگى دەکات بۆ چارەسەرى دۆخى کۆچی گەنجان و هەر کەسێکیش لە بیلاڕووس و پۆڵەنداوە دەیەوێت بگەڕێتەوە کوردستان حکوومەتى هەرێمى کوردستان هاوکاریی دەکات.

 

هاوکات سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەکەدا وتی، "بوونی پەکەکە هۆکارێکی سەرەکییە کە خەڵکی کۆچ دەکەن، بۆ نمونە لە ناوچەکانی بادینان و هەروەها ڕانیە کە نزیکە لە قەندیل، خەڵکی ناوچەکە ئاوارە بوون و ناتوانن بچنەوە سەر باغ و زەوییەکانیان بەهۆی بوونی پەکەکە لەو ناوچانە."

 

وتیشی، "بوونی پەکەکە بووەتەهۆی ڕێگری لە وەبەرهێنەران کە بچنە ئەو ناوچانە و ئاوەدانیان بکەنەوە." 

 

سەفین دزەیی باسی لەوەشکرد کە "لەگەڵ کونسوڵخانە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پۆڵەندا لە پەیوەندیی بەردەوام داین، هەروەها لەگەڵ ئەودا نین کۆچبەران بە زۆر بەگەڕێنرێنەوە کوردستان و داواشمان کردووە هاوکاری بکرێن تاوەکو کێشەکانیان چارەسەر دەکرێن".

 

سەفین دزەیی روونیشی کردەوە کە هەوڵەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوامە تا بتوانێ ژیانێکى شایتەتر و گونجاوتر بۆ خەڵکى کوردستان دابین بکات، ئەوە حکومەتى هەرێمى کوردستانیش بەردەوام ئەو پرسە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، ئەو پرسە لە بیلاڕووسیاش بە سیاسی کراوە چونکە ئەوان گرفتیان لەگەڵ یەکێتى ئەوروپا هەیە بۆیە ئەو هەڵسوکەوتە لەگەڵ پەنابەران دەکات.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی تشرینی دووەمی 20212، بەسەرپەرشتیى وەزیرى ناوخۆی هەرێمى کوردستان، وەزیر و سەرپەرشتیارى یەکە کارگێڕییەکانى هەرێمى کوردستان لە شارى هەولێر کۆبوونەوە لەسەر پرسی کۆچی گەنجان.