گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’هێنانەوەی کۆچبەران’’

شاندەکەی پەرلەمانی کوردستان بۆچی دەچنە بیلاڕووسیا؟

2021.11.09 - 15:16
App store icon Play store icon Play store icon
شاندەکەی پەرلەمانی کوردستان بۆچی دەچنە بیلاڕووسیا؟

 

ناس کورد- 

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا شاندێکی پەرلەمان سەردانی وڵاتی بیلاڕووسیا بکات و ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت، هەوڵدەدەن کۆچبەرانی کورد بە سەلامەتی بگەڕێننەوە هەرێم، ئەندامێکی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش دەڵێت، تەنها دەتوانن ڕاپۆرتێک لەبارەی بارودۆخیانەوە بنوسن و ئەوان بڕیار بەدەست نین. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

لەدوای ئەو لێشاوەی کۆچی کۆچبەرانی کورد لە بیلاڕووسیاوە بۆ سنوری پۆڵەندا و هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئەمڕۆ سێشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2021، پەرلەمانی کوردستان بڕیاردا شاندێک لە لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی سەردانی وڵاتی بیلاڕووسیا بکەن. 

 

لەوبارەیەوە محەمەد سەعدەدین، ئەندامی لیژنەکە بە "ناس کورد"ی وت، "هێشتا نازانرێت کەی سەردانەکە دەکرێت، بەڵام هەوڵدەدەین بە سەلامەتی ئەو کۆبچبەرە کوردانە بگەڕێنینەوە هەرێمی کوردستان." 

 

وتیشی، "لەگەڵ حکومەتی بیلاڕووسیا و پۆڵەندا قسە دەکەین و هەوڵدەدەین کارێک بکەین کە لە بەرژەوەندی ئەو کۆچبەرانە بێت و هەروەها حکومەتی هەرێمیش کارێک بکات کە چیتر گەنجان بەو ڕادە زۆرە وڵات جێنەهێڵن." 

 

بەوتەی هڵز ئەحمەد کە ئەندامێکی دیکەی لیژنەکەیە، پێش مانگێک ئەوان داوایان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە ئەو سەردانە بکەن، بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕازی نەبووە و لەئێستادا کە دۆخەکە تەقیوەتەوە ئینجا ڕازی بوون. 

 

ئەو ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردی لە پەرلەمانی کوردستان بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "پێموایە لەو سەردانەدا تەنها دەتوانرێت ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخی ئەو هاووڵاتیانە ئامادە بکرێت و بتوانین حکومەتی هەرێم و عێراق بهێنینە سەرخەت تاوەکو ئاوڕێک لە هاووڵاتیان بدەنەوە." 

 

وتیشی، "ئێمە لایەنی بڕیاردەر نین تاوەکو بتوانین بڕیار بدەین کە ئەو کەسانە لە ئەوروپا وەربگیرێن، هیوادارم من هەڵە بم و بتوانین کاری زیاتریش بکەین." 

 

سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی هەرێم کە لەو وڵاتەن، هڵز ئەحمەد باسی لەوەکرد، "هیچ ئامارێکی فەرمی نییە لەوبارەیەوە و هیوادارن لە سەردانەکە بتوانن ئامارێک وەربگرن."