ناس کورد-
حکومەتی پۆڵەندا پێشبینی دەکات لێشاوێکی دیکەی کۆچبەران ڕوو لە سنوری ئەو وڵاتە بکەن و وتەبێژی حکومەتی ئەو وڵاتە دەڵێت، 10 هەزار کۆچبەری دیکە لەودیوی بیلاڕووسیاوە دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە سنوری پۆڵەندا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پیۆتر مولەر، وتەبێژی حکومەتی پۆڵەندا (سێشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، " لە ئێستادا 3000 بۆ 4000 کۆچبەر لەنزیک سنووری وڵاتەکەمانن."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەروەها زیاتر لە 10,000 کۆچبەری دیکە لەودیوی بێلاڕووسیاوە دەیانەوێت بەڕێ بکەون و هەوڵی ئەوە بدەن بێنە خاکی پۆڵەنداوە."
هاوکات پاوڵ سۆلۆچ، بەڕێوبەری دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی پۆڵەندا ڕایگەیاندووە، "پێشبینی دەکەین لە چەند کاتژمێری داهاتوودا لێشاوی گروپەکانی کۆچبەران بۆ سەر سنووری وڵاتەکەمان دووبارە ببێتەوە."
ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2021، لێشاوێکی کۆچبەران کە زۆرینەیان کوردن لە وڵاتی بیلاڕووسیاوە ڕوویانکردەوە سنوری پۆڵەندا و داوا دەکەن ڕێگەیان بدرێن بچنە وڵاتەکەوە بۆ دیاریکردنی چارەنوسیان، بەڵام حکومەتی پۆڵەندا سنورەکانی تەلبەند کردووە و هێزێکی زۆری ڕەوانەی سنورەکان کردووە.
زیاتر بخوێنەرەوە: ئەڵمانیا هەڵوێستی خۆی لەسەر لێشاوی کۆچبەران لە بیلاڕووسیاوە ڕاگەیاند