ناس کورد-
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند، لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکەن گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی سنوری بیلاڕووسیا و پۆڵەندا بە سەلامەتی بۆ وڵاتەکانیان، بەڵام پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت، یەکێتی ئەوروپا داوای لە پۆڵەندا کردووە، ڕێگە بە پەنابەران بدرێت بچنە وڵاتەکەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا ئۆرسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند، بەرپرسانی بێلاڕووسی هۆکاری ئەو لێشاوی کۆچکردنەن بۆ سەر سنووری پۆڵەندا، بەڵام ئەو کارانە ناتوانن بێلاڕووسیا بە ئامانجەکانی بگەیەنێت.
هاوکات داوای هاوکاری لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش کردووە، بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بەمەبەستی گەڕاندنەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتەکانیان.
ڤۆندەرلاین جەختیشی کردووەتەوە، بۆ ڕێگەیەک دەگەڕێن کە گەمارۆ بخەنە سەر ئەو هێڵە فڕۆکەوانییانەی کە خەڵک بۆ بێلاڕووسیا دەگوازنەوە، بۆ ئەوەی چیتر خەڵک ئەو ڕێگەیە بۆ کۆچ کردن نەگرنەبەر.
لە بەرامبەردا سیروان بابان، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، نامەیەکی بۆ هاتووە لە یەکێتی ئەوروپاوە کە تیایدا داوای لە پۆڵەندا کردووە، ڕێگە بە کۆچبەران بدەن بچنە نێو خاکی پۆڵەنداوە و لەوێوە دابەشی سەر ئەو وڵاتانەیان بکەن کە خۆیان دەیانەوێت.