ناس کورد-
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت لەڕێگەی دروستکردنی حیزبەوە بگەڕێنەوە نێو کایەی سیاسی لە هەرێم، ڕایگەیاند، هەر کەس چاوی لە دەنگی نەوەی نوێ بێت کە زیانی پێ بگەیەنێت، یان سەر بە دەسەڵاتە یاخود خەونی بچوکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە نوسینێکدا کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ (یەکشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، "هەندێک لەو سیاسییانەی کە بەنیازی کاری حیزبین یاخود تەنانەت هەندێکیش لە نوخبە، لە ئێستادا پێیان وایە لێدان لە نەوەی نوێ و حەزیان بۆ کەوتنی نەوەی نوێ، فرسەت بۆ ئەوان زیاد دەکات کە بێنە پێشەوە و ساحەکەیان بۆ تەخت بێت یان تەنانەت حیزبی تر دروست بکەن، بەڵام ئەمانە بێ ئاگان لەوەی کە ئەم خەونەیان گەورەترین خزمەتە بە دەسەڵات و لەناوبردنی خەونی هاووڵاتییان و بێ هیوایی موتلەقە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمانە گەر ئەو خەونە دەبینن و خوانەکردە گەر ئەو خەونەیان بێتە دی، ئەوا قەت خەیاڵی ئەوە نەکەن کە ئەوان بتوانن کاری حیزبایەتی بکەن و بێنە پێش، چونکە کەوتنی نەوەی نوێ کەوتنی ئۆپۆزسیۆن و بێ هیوایی زیاترە و کەوتنی دەنگی تری نارازی و سەرکەوتنی دەسەڵاتە."
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دەبێت خەونی ئەو کەسانەی کە حەزیان بە سیاسەت و حیزبایەتییە یاخود خەونیان خزمەتکردنی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی ئۆپۆزسۆنە، کارکردن بێت بۆ گێڕانەوەی هیوا بۆ خەلک و کاری پێکەوەیی و فشار خستنە سەر دەسەڵات، تاوەکو هیوا بۆ ئەو دوو ملیۆن و نیو هاووڵاتییە بگێڕنەوە کە نەچوون بۆ دەنگدان و بێ هیوان، نەک خەونی ئەوان چەند دەنگێکی نەوەی نوێ بێت."
باسی لەوەشکردووە، "هەر کەس چاوی لە دەنگی نەوەی نوێ بێت کە زیانی پێ بگەیەنێت، یان سەر بە دەسەڵاتە یاخود خەونی بچوکە."