گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەسعود بارزانی: ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە كردەوە تیرۆریستییانە بگیرێت

2021.11.07 - 11:19
App store icon Play store icon Play store icon
مەسعود بارزانی: ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە كردەوە تیرۆریستییانە بگیرێت

ناس کورد-

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەى هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، "زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەكەین كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ كراوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆكوەزیران مستەفا كازمی لە بەغدا و، هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارانی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەخوازم."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بارزانی لە پەیامێکی کورتدا (7ی تشرینی دووەمی 2021) دەڵێت، "پێویستە رێز لە سەروەری و سەقامگیریی عێراق بگیرێت و بە هەوڵی هەموو لایەك رێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە كردەوە تیرۆریستییانە بگیرێت."

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (7ی تشرینی دووەمی 2021) شوێنی مانەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا بە سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دووچاری هێرشی موشەكی بوویەوە، لە ئەنجامیشدا هەندێك لە پاسەوانەكانی بریندار بوون.

 


لەپاش هێرشەكە مستەفا كازمی لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا دەركەوت و ڕایگەیاند، "ماڵەكەم دووچاری دوژمنكارییەكی ترسنۆكانە بووەتەوە، سوپاس بۆ خوا خۆم و ئەوانەی لەگەڵما كار دەكەن سەلامەتن".

 


هەروەها وتیشی، فڕۆكەی بێفرۆكەوان و موشەكی ترسنۆكانە وڵات بنیات نانێن، ئێمە لە ڕێگای دەزگاكانی دەوڵەتەوە خەریكی بنیاتنانی دەوڵەتی خۆمانین، داوا لە هەموو لایەنەكانیش دەكەن دیالۆگ بكەن لە پێناو عێراق و ئایندەی عێراق.

 


هەوڵی تیرۆركردنی كازمی پاش ڕۆژێك لە گرژییە ئەمنییەكانی بەردەم ناوچەی سەوز دێت كە تێیدا لایەنگرانی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران و چەكدارە خۆپیشاندەرەكانیان دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بەرەنگاربوونەوە و چەند كوژراو و بریندارێكی لێ كەوتەوە، بەدوایدا سەرانی گروپەكان هەڕەشەی توند و ڕاستەوخۆیان ئاراستەی مستەفا كازمی كرد.

 

لەپاش گرژییە ئەمنییەكانی بەردەم ناوچەی سەوزیش، قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسایب لە ناو چەكدار و لایەنگرەكانی وتی: ئەی كازمی بەو وەسفانەی كە شایستەیت لەمنی وەرگرە وەك شروگییەكی ڕەسەن، خوێنی شەهیدان.. خوێنی شەهیدان.. خوێندنی شەهیدان لە گەردنی تۆیە، خوێنی شەهیدان دادگاییكردنی تۆیە.