گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی کرد: نابێت چیتر ڕێگە بدرێت

2021.11.07 - 09:56
App store icon Play store icon Play store icon
نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی کرد: نابێت چیتر ڕێگە بدرێت

ناس کورد-

نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکانی لە عێراق  (یونامی) "بە توندی ئیدانەی هەوڵی کوشتنی سەرۆك وەزیرانی عیراق" دەکات و داوا دەکات "تیرۆر و توندوتیژی و کاری نایاسایی نابێ ڕێگەیان پێبدرێت".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا (7ی تشرینی دووەمی 2021) دەڵێت، "بە توندترین شێوە ئیدانەی هەوڵی کوشتنی سەرۆك وەزیران، موستەفا کازمی، دەکەین."

 

دەشڵێت، "نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان دڵخۆشی خۆی دەردەبرێت بەوەی کە سەرۆك وەزیران سەلامەت دەرچوو لە هێرشە بە دڕۆنەکەی سەر شوێنی حەوانەوەی لە بەغدا."


نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەشکردووە کە "تیرۆر و توندوتیژی و کاری نایاسایی نابێ ڕێگەیان پێبدرێت کاریگەری لەسەر سەقامگیری عیراق دروست بکەن و پرۆسەی دیموکراسی بە لاڕێدا ببەن."


"نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای خۆی دەخاتە پاڵ داواکەی سەرۆك وەزیران بۆ پاراستنی هێمنی و دانبەخۆداگرتندا. هەروەها، یونامی هانی هەموو لایەنەکان دەدات کە بەرپرسیارێتی بگرنەئەستۆ بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و دەستپێکردنی گفتوگۆ بەمەبەستی کردنەوەی گرێیە سیاسییەکان و بەرزڕاگرتنی بەرژەوەندی نیشتیمانی لە عیراقدا. نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ هەموو عیراقییەکانە ئەوانەی داوای ئاشتی و سەقامگیری دەکەن. ئەوان شایەنی زیاترن."

 


بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (7ی تشرینی دووەمی 2021) شوێنی مانەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا بە سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دووچاری هێرشی موشەكی بوویەوە، لە ئەنجامیشدا هەندێك لە پاسەوانەكانی بریندار بوون.

 


لەپاش هێرشەكە مستەفا كازمی لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا دەركەوت و ڕایگەیاند، "ماڵەكەم دووچاری دوژمنكارییەكی ترسنۆكانە بووەتەوە، سوپاس بۆ خوا خۆم و ئەوانەی لەگەڵما كار دەكەن سەلامەتن".

 


هەروەها وتیشی، فڕۆكەی بێفرۆكەوان و موشەكی ترسنۆكانە وڵات بنیات نانێن، ئێمە لە ڕێگای دەزگاكانی دەوڵەتەوە خەریكی بنیاتنانی دەوڵەتی خۆمانین، داوا لە هەموو لایەنەكانیش دەكەن دیالۆگ بكەن لە پێناو عێراق و ئایندەی عێراق.

 


هەوڵی تیرۆركردنی كازمی پاش ڕۆژێك لە گرژییە ئەمنییەكانی بەردەم ناوچەی سەوز دێت كە تێیدا لایەنگرانی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران و چەكدارە خۆپیشاندەرەكانیان دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بەرەنگاربوونەوە و چەند كوژراو و بریندارێكی لێ كەوتەوە، بەدوایدا سەرانی گروپەكان هەڕەشەی توند و ڕاستەوخۆیان ئاراستەی مستەفا كازمی كرد.