گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەدوای پشێوییەکانی بەغدا.. سەدر بانگەوازێک ئاڕاستەی لایەنگرانی دەکات

2021.11.05 - 23:14
App store icon Play store icon Play store icon
لەدوای پشێوییەکانی بەغدا.. سەدر بانگەوازێک ئاڕاستەی لایەنگرانی دەکات

ناس کورد-

موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەدوای دروستبوونی پشێوییەکانی ناوچەی سەوزی بەغدا و کوژرانی چەند خۆپیشاندەرێک، بانگەواز لە لایەنگرانی دەکات کە "ئارام بن و دان بەخۆتاندا بگرن."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

وەزیرە متمانەپێکراوەکەی سەدر لە تویتێکدا کە "ناس کورد" بینیویەتی (5ی تشرینی دووەمی 2021) دەڵێت، "وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر گرژییەکانی ئەم ئێوارەی پایتەخت، جەنابی سەردانەکەی لە بەغدا کۆتایی پێهێنا و گەڕایەوە بۆ نەجەف، داواش لە لایەنگرانی سەدری دەکات ئەوپەری دان بەخۆیاندا بگرن."

 

ئەمڕۆ لایەنگرانی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ناوچەی سەوی بەغدا خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکان و ویستیان بچنە ناو ناوچەی سەوز، بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانیشەوە سێ خۆپیشاندەر کوژرا و نزیکەى 100ی دیکەش بریندار بوو.  

 

دروستبوونی گرژی و کوژرانی خۆپیشاندەران کاردانەوەی زۆری لایەنەکانی بەدوای خۆی هێنا، گروپە میلیشیا نزیکەکان لە ئێران بەتوندی ئیدانەی هێرشی هێزە ئەمنییەکانیان کرد و داوایان کرد لێکۆڵینەوە ورد بکرێت.

 

قەیس خزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق سەردانی خۆپیشاندەرانی کرد لە ناوچەی سەوز و هەڕەشەی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و بەڵێنی دا وەڵامیان هەبێت.

 

خزعەلی وتی، "لێپێچینەوە لە دەستدرێژیکارانی سەر خۆپیشاندەران دەکەین بەپێی یاسا."

 

هادی عامری سەرۆکى هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو سەركوتكردنە ترسناكە دەكەین كە لەلایەن حكومەتەوە بەرامبەر بە خۆپیشاندەرەرانی مەدەنی دەكرێت، "ئەو خۆپیشاندەرانەی ناڕازین لە دزینی دەنگەكانیان."

 

هادی عامری لە ڕاگەیەنراوێکدا (5ی تشرینی دووەمی 2021) وتی، "داوا لە دەسەڵاتی دادوەری دەكەین بێنە سەرخەت و فەرمان دەربكەن بە وەستاندنی تەقەكردن لە خۆپیشاندەران، داوا لە خۆپیشاندەرانيش دەكەین دان بەخۆیاندا بگرن."