گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

ناس زانیاریی لەبارەی چۆنێتی چارەسەرکردنی مەلا بەختیار ئاشکرا دەکات

2021.11.04 - 20:14
App store icon Play store icon Play store icon
ناس زانیاریی لەبارەی چۆنێتی چارەسەرکردنی مەلا بەختیار ئاشکرا دەکات

ناس کورد- 

دوای مانەوەی مەلا بەختیار بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا و بەوتەی خۆی بەهۆی ژەهرخواردکردنی، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تەندروستیی ناوبراو دەڵێت، تائێستا دوو بۆ سێ جار خوێنیان گۆڕیوە و لەئێستادا تەندروستیی بەرەو باشبوون چووە.  

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵا و بەرژەوەندیی یەکێتی تەندروستیی تێکچووە و لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا چارەسەر وەردەگرێت، وەک خۆی دەڵێت، بەهۆی ژەهرخواردکردنییەوە وای بەسەر هاتووە. 



لەبارەی وردەکاریی چارەسەرییەکانی مەلا بەختیار، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی تەندروستیی ناوبراو (پێنجشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2021) بە "ناس کورد"ی وت، " تاوەکو ئێستا لە ئەڵمانیا دوو بۆ سێ جار خوێنی مەلا بەختیار گۆڕدراوە بۆ پاککردنەوەی جەستەی لە ژەهرەکە." 



بەگوێرەی زانیارییەکانی ناس کورد، لەئێستادا و لەدوای ئەو چارەسەرانە دۆخی تەندروستیی مەلا بەختیار بەرەو باشبوون چووە و پێدەچێت بەمنزیکانە بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان. 

 

هاوکات، سامی هادی، بەرپرسی دەزگای چاودێر و کەسی نزیک لە مەلا بەختیار (پێنجشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2021) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاند، "ڕاپۆرتی پشکنینە پزیشکییەکانی ئوردن دراوەتە هاوسەرۆکی یەکێتی و دەزگا ئەمنییەکان، تێیدا ژەهر خواردکردنی مەلا بەختیار سەلمێدنراوە."  

  

دەربارەی ناسنامەی ئەو کەس و لایەنەی مەلا بەختیاری ژەهرخوارد کردووە، سامی هادی ئاماژەی بەوەکردووە، "زانیاریم نییە، ڕەنگە گومان هەبێت و دەبێت لێکۆڵینەوە لەگومانەکان بکرێت، بەڵام پێموایە خەتی سەرەکی ژەهر خواردکردنە ڕەنگە بزانرێت لەکوێوەیە."  

  

جەختیشی کردووەتەوە، "تەندروستیی مەلا بەختیار بەراورد بە ڕۆژانی یەکەم و دووەەم زۆر باشە و لەمەترسی دەرچووە، بەڵام بۆ ئەوەی مەترسی بەتەواوەتی لەسەر نەمێنێت، لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە."  

 

زیاتر بخوێنەرەوە: نوێترین زانیاریی لەبارەی تەندروستیی مەلا بەختیار ئاشکرا کرا