ناس کورد-
ئاراس شێخ جەنگى ئەندامى دورخراوەى سەرکردایەتى یەکێتى وەڵامى عەتا سەراوى ئەندامى سەرکردایەتى دەداتەوە لەبارەى پرسی دەرکردنى لاهور جەنگى و چوار سەرکردایەتى لەیەکێتى بە بڕیارى بافڵ تاڵەبانى.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاراس جەنگى لەرونکردنەوەیەکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە نوسیویەتى "من لەو کۆبوونەوەیە بووم کە بەشێک لە سەرکردایەتی سلێمانی و گەرمیان و شارەزوور بەشداربوون، بەهیچ شێوەیەک باسی دەرکردنی کەس نەکراوە، بەڵکو باسی پاداشت و سزا کرا لەگەڵ گۆڕانکاریی لە هەندێک لە ئۆرگانەکان".
دەقى رونکردنەوەکە:
روونكردنەوەیەكی پێویست لەسەر قسەكانی كاك عەتا سەراویی
ئەمڕۆ کاک عەتا سەراوی لە چاوپێکەوتنێکدا ناوی منی هێناوە. دەمەوێ روونكردنەوەیەك بۆ كۆمەڵانی خەڵك و یەكێتییەكان بخەمەڕوو كە من لەو کۆبەنەوەیە بووم کە بەشێک لە سەرکردایەتی سلێمانی و گەرمیان و شارەزوور بەشداربوون، بەهیچ شێوەیەک باسی دەرکردنی کەس نەکراوە، بەڵکو باسی پاداشت و سزا کرا لەگەڵ گۆڕانکاریی لە هەندێک لە ئۆرگانەکانی یەکێتی نیشتیمانیی كوردستان. هاوكات کاک بافڵ هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان باسی ئەوەی کرد کە دەیەوێت بۆچوونی سەرکردایەتی وەربگرێت بۆ کۆبونەوە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، نەک باسی دەرکردن و دوورخستنەوە، هەموو ئامادەبووانی كۆبونەوەكەش دەنگیان بەو پێشنیارەداو پێیان باش بوو.
نازانم كاك عەتا ئەو قسانەی لەكوێ هێناوە، یان چۆنی زیادکردوە من نازانم! دەمەوێ ئاشكرای بكەم كە من هەموو كات داوای کۆبونەوەی سەرکردایەتیم کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو یەکێتیی لەسەربنەمای پەیرەو پرەنسیپە نەگۆڕەكانی حزبایەتی و بۆ خزمەتی یەكێتیی و خەڵكی كوردستان.
ئاراس شێخ جەنگی
ئەندامی سەركردایەتی
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان