ناس کورد-
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم چەند بڕیارێکى دەرکرد، لەناویاندا چارەسەرکردنی کێشەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە وڵاتی بێلارووسەوە دەچنە وڵاتانی ئەوروپا، قەرەبووى زیانلێکەوتووانى لافاوەکەى هەولێر.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەو بڕیارانە لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیراندا دران کە تێیدا چەند تەوەرێک تاوتوێکران، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوى کۆتایی کۆبوونەوەکە کە دەست "ناس کورد" کەوتووە.
دەقى راگەیەنراوەکە:
ئەنجومەنی وەزیران ڕەشنووسی پەیڕەوی ئەنجومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان لە هەرێمی کوردستان پەسەند دەکات و لە بارودۆخی کۆچبەرانی هەرێم لە دەرەوە دەکۆڵێتەوە و کێشەی وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان تاووتوێ دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی نۆڤێمبەری 2021 بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕەشنووسی پەیڕەوی ئەنجومەنی باڵایگەشەپێدانی خانمان لە هەرێمی کوردستان، لە لایەن خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنەکە .
سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بەوەدا کە ئافرەتان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا ، لە قۆناغە جیاوازەکانی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان، خاوەنی مێژووییەکی پڕ قوربانیدان و سەروەرین و ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە . جەختیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ، بۆ نەهێشتنی ئاستەنگ و بەربەستەکان لە بەردەم ئافرەتان و وەستانەوە دژی جیاکاری ڕەگەزی و پەراوێزخستنی ڕۆلی ئافرەتان لە پێناو بەرزکردنەوە و زیادکردنی ڕێژەی بەشداری کارای ئافرەتان لە دەسەڵات و پاراستنی مافەکانیان لە نێو کۆمەڵگەدا و ئەمەش لە هێڵەگشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمدا جێگیرکراوە و جێی بایەخمانە.
ئەنجومەنی وەزیران، دوای لەبەرچاوگرتنی چەند تێبینی و پێشنیارکردنی هەموارکردنی چەند بڕگەیەک، ڕەشنووسی پەیڕەوەکەی پەسەند کرد.
پاشان ئالان محەمەد سەعید وەزیری پەروەردە و ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، باسیان لە بابەتی وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەییەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 كرد. ئەنجومەنی وەزیران، بە بایەخەوە لە هۆکارەکانی ئەم بابەتەی کۆڵییەوە وجەختی کردەوە لەسەر ، ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ خوێندن بە پێی کۆنمرە و شایستەبوون لەگەڵ پاراستنی کوالیتی خوێندن لە زانکۆ وپەیمانگاکان و برەودان بە تواناکان ، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپارد، بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان و داڕشتنی پلانی پێویست بۆ ساڵانی داهاتوو، تا ئەو کێشانەی ئەمساڵ دووبارە نەبنەوە، لەگەڵ بایەخی بەستنەوەی کورسی وبوارەکانی خوێندنی باڵا، بە پێداویستیەکانی حکومەتی هەرێم و کەرتی تایبەت.
ئینجا سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، باسی لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو کۆچبەرانەی هەرێمی کوردستان کە لە وڵاتی بێلارووسەوە دەچنە وڵاتانی ئەوروپا . ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد، بۆ وەرگرتنی ڕێکاریی قانونی لەبەرامبەر ئەو کەس وباندانەی کە بازرگانی بە ژیان و سەلامەتی گەنجان دەکەن ، هەروەها بەردەوامیدان بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم، بۆ چارەسەری کێشە ئەو کۆچبەرە کوردستانییانەی کە لە دەرەوە گیریان خواردووە.
لە بڕگەی کۆتاییدا، لە لایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گشتوگوزار تیشک خرایە سەر بابەتی بەهاناوەچوون زیانلێکەوتووانی هاووڵاتییان لە ئەنجامی لافاوی ڕۆژی 30ی ئۆکتۆبەری 2021 دەوربەری هەولێر و قەرەبووکردنەوەیان.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ڕوودانی ئەو زیانانە و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان، بڕیاریشدرا لە نزیکترین کاتدا، دەست بە خەرجکردنی قەرەبوو بۆ ئەو خێزانە زیانلێکەوتووانە بکرێت، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، دەستخۆشی لە سەرجەم تیمەکانی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی هەرێم کرد کە بە هانای ئەو خێزانانەوە چوون، کە بە هۆی لافاوەکە زیانمەند بوون.