ناس کورد-
بەرپرسانی ئەفغانستان ئاشكرایان كرد، حەمدوڵڵا موخلیس كە ئەندامە لە تۆڕی حەقانی و بەرپرسە لە هێزە تایبەتەكانی تاڵیبان (بدري 313) لە هێرشەكەی داعش بۆسەر نەخۆشخانەیەكی سەربازیی كابولدا كوژراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەرپرسی مەكتەبی ڕاگەیاندنی تاڵیبان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە (3ی تشرینی دووەمی 2021) كە موخلیس بە هانای نەخۆشخانەی (سەردار دادو خان) چووە بەو پێیەی فەرماندەی یەكەی كابوڵی هێزە تایبەتەكانی بەدری 313یە، بەڵام دواتر دەركەوتووە لە هێرشەكەدا كوژراوە.
هێرشەكەی سەر نەخۆشخانە سەربازییەكەی كابول سەرەتا بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو بووە، پاشان داعشی خۆراسان هەڵیانكوتاوەتە سەر نەخۆشخانەكە و سەرەنجام 19 كەس لە پێكدادانەكاندا كوژراون.
لقە خۆراسانییەكەی داعش بە دوو هەزار كەسێك مەزەندە دەكرێت، بەڕای چاودێران لەبەر ئەوەی داعش هەمان ئەو تەكتیكانە بەكاردەهێنن كە تاڵیبان خۆی بەكاریدەهێنا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمەریكا، لە بۆمبی موگناتیسی و شەڕی پارتیزانی و تەقینەوەی خۆكوژی، بوونەتە كێشەیەكی ئەمنی گەورە بۆ تاڵیبان.
تۆڕی حەقانی بەشێكی سەرەكیی پێكهێنەری تاڵیبانن، ئەم خێزانە و شوێنكەوتەكانیان لە سیمبولە ئیسلامییەكانی سەردەمی شەڕی سۆڤییەتن لە هەشتاكان و لە لیستی ڕێكخراوە تیرۆریست و داواكراوەكانی ئەمەریكاشدا بوون.