گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەشوهەوا

بارانی بەخوڕ و هەورەتریشقە لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەستپێدەکاتەوە

2021.11.02 - 13:13
App store icon Play store icon Play store icon
بارانی بەخوڕ و هەورەتریشقە لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەستپێدەکاتەوە

ناس کورد-

بەپێی پێشبینییە کەشناسییەکان، سبەینێ تاوە بارانی بەخوڕ و ڕوودانی هەورەتریشقە لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم بەردەوام دەبێت، ئەوەش کۆتایی شەپۆلەکەیە کە چەند ڕۆژێکە هەرێمی کوردستانی گرتووەتە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاراس جەبار، کەشناسی دیاری هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، سبەینێ چوارشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2021، لە ئەنجامی کۆتایەکانی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست لە کاتەکانی بەرەبەیاندا بۆ پێش نیوەرۆ ئاسمانی ھەرێم بە زۆری ھەوری تەواو ئەبێت و لەگەڵ تاوە بارانی بەخوڕ و روودانی ھەورە تریشقە بەبڕ و رێژەی جیاواز لە تەواوی ناوچەکانی سنوری پارێزگای دھۆک، ھەولێر، سلێمانی، کەرکوک و ئیدارەی ڕاپەرین.

 

دەشڵێت، "لە ناوچە شاخاویەکانی سنوری ئیدارەی راپەرین و رۆژھەڵاتی ھەولێر ئاستی بارانبارینەکە زیاتر ئەبێت و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو ئەبێت لەھەندێ ناوچەی سنورەکەدا رێژەی پێشبینی کراوی بارانبارین لەنێوان 5 تا 20 ملیمەتر ئەبێت، لەکاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارەدا ئاسمانی ھەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و لەئەنجامی چالاکبوونەوەی ھەوری نێوخۆی ھەورە تریشقە و تاوە بارانی بەخوڕ ئەبێتەوە بەرێژەی 5 تا 8 ملیمەتر."

 

ئاراس جەبار باسی لەوەشکردووە کە لە ھەندێ ناوچەکانی سنوری پارێزگای ھەڵەبجە، سلێمانی، ناوچە شاخاویەکانی رۆژھەڵات و باکوری ھەولێر، ئیدارەی راپەرین و گەرمیان کەش ئاسایی ئەبێت و ئەگەری بارانبارین نابێت، لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا ئاسمانی ھەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ ساماڵ و پەڵە ھەور کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆکە کۆتای پێدێت و کەش ئاسایی ئەبێتەوە.

 

بەپێی ڕوونکردنەوەکە، پلەکانی گەرما بەرێژەی 2 تا 3 پلەی سیلیزی نزم دەبێتەوە و خێرای با ئاسای بۆ مامناوەند ئەبێت 10-20کم/س بە ئاراستەی جیاوازدا.

 

جەختی کردووەتەوە کە "لە ڕۆژی پێنجشەممەوە کاریگەری ناوچەیەکی پەستان بەرز لەسەر ناوچەکانمان جێگیر ئەبێت و کە خۆی لە چالاکبوونی بەھێزی بای باکوری رۆژھەڵات ئەبینێتەوە بەشێوەی وشکە سەرما و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما".