گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’هەڕەشەو پەیامی ئاگرین’’

ناس دوا پێشهاتەكانی دانوستان و سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەخاتەڕوو

2021.11.01 - 18:15
App store icon Play store icon Play store icon
ناس دوا پێشهاتەكانی دانوستان و سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەخاتەڕوو

ناس كورد-
پاش ئەوەی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر (74 كورسی) دەرگای لەسەر پێكهێنانی حكومەت لەسەر بنەمای سازان داخست، ئێستا تەنها بژاردەی حكومەتی زۆرینە لەبەردەستە لە كەشێكدا كە گرژی و تاقیكردنەوەی توانای ئارامگرتنی لایەنە ڕكابەرەكانی شیعە بەسەریدا زاڵە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بە گوێرەی بەدواداچوونەكانی "ناس كورد"، ئەگەرەكانی گۆڕانكاری لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەهۆی ژماردنەوەی دەستی و پێداچوونەوەی تانەكان نزیك دەبنەوە لە سفر، تا ئێستاش هیچ لەو پێداچوونەوانەی كراون نەبوونەتە هۆی گۆڕینی هیچ كورسی و هیچ وێستگەیەكیان نەسڕیوەتەوە، ئەمەش بەرەی ناڕازی شیعەكان بەناوی "چوارچێوەی هەماهەنگی" خستووەتە بەردەم هەندێ بژاردە كە هەندێكیان گرژی دروستكردن و هەڕەشەو پەیامی ئاگرینە.

 

ناس کورد ئەوەشی زانیوە موشەكبارانكردنی گەڕەكی "المنصور" لە بەغدا دوێنێ (31ی تشرینی یەكەمی 2021) بە سێ موشەك لە ڕۆژدا، وەك پەیامێكی ئەو گروپە چەكدارانە لە ناوەندە سیاسییەكان دەخوێنرێتەوە كە بێهیوان لە گۆڕینی ئەنجامەكان و ئاماژەیە بۆ ئەگەری ڕوودانی گرژی زیاتر لە بەغدا پایتەخت لە ڕۆژانی داهاتوو.

 

هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی "ناس کورد"، گرژی بۆچوونی سەرجەم لایەنە شیعە ناڕازییەكان نییە كە هەندێكیان لەگەڵ قبوڵكردنی ئەنجامەكانن وەك ئەمری واقیع و هەندێكیشیان خەریكی دانوستانن لەگەڵ سەدر، هەشیانە وەك ڕەوتی حیكمە بە ئەگەری زۆر خۆی بۆ پێداچوونەوە و ئامادەكاریی هەڵبژاردنی داهاتوو یەكلایی دەكاتەوە و نایەوێت بەشداری كابینەی نوێ ببێت چونكە كورسییەكانی لە نزیكەی 20 كورسییەوە دابەزیون بۆ دوو كورسی.

 

سەدر كە براوەی یەكەمە (73 كورسی +1) دوو بژاردەی خستووەتە بەردەم لایەنە شیعەكان، حكومەتی زۆرینە و كەمینەیەكی ئۆپۆزسیۆن، ئامادەیی دەربڕیوە خۆی یەكێك لەو دووانە هەڵبژێرێت لەسەر بنەمای رێساكانی دیموكراسی، بەم جۆرەش دەرگای لە حكومەتی زۆرینە داخستووە. هەر زۆرینەیەكیش سەدری تێدا نەبێت بەڕای چاودێران شلۆق دەبێت و دووچاری گوشار و ئۆپۆزسیۆنێكی توند دەبێتەوە بەهۆی كاریگەریی جەماوەری سەدرەوە بەتایبەت لە بەغدای پایتەخت.

 

بەها ئەعرەجی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتر لە لێدوانێكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی ئەوە ئاشكرا دەكات، لەلایەن كوردەوە مەسعود بارزانی داوای پێكهاتنی سەدر و حەكیم و هادی عامری كردووە لەسەر هاوبەندییەك بۆ ئەوەی ئەوان لە كورد لەگەڵیان بەشدار بن، بەڵام تا ئێستا پەرتەوازەیی بەسەر ماڵیش شیعەدا زاڵە و هێشتا هەر لە سایەی جەمسەرگیری سەدر - مالیكیدا دەژی.

 

پاش ئەوەی موشەكباران ناوەڕاستی بەغدای گرتەوە، دڵەخورتێ لە گرژبوونی زیاتر هەر هەیە، بەڵام پاش بڕیاری سەدر بۆ داخستنی بارەگا سەربازییەكانی لە زۆربەی پارێزگاكان، ئەگەری گەیشتن بە پێكهاتن لەبەرامبەر سیناریۆ خراپەكاندا كێبەركێ دەكات، چاوەكانیش لەسەر سەرۆك وەزیرانێكی مامناوەندە كە نە سەدری بێت و نە مالیكی و حەشدی، لەمەشیاندا مستەفا كازمی چانس و ئەگەری دووبارەبوونەوەی زۆری هەیە، بەڵام ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن یەكلاییكردنەوەی شێواز و پێكهاتەی حكومەت بەم زووانە نییە و دوا دەكەوێت بۆ ئەوكاتەی هەردوو بەرە ڕكابەرەكەی شیعە كارت و گوشاری خۆیان بەرامبەر یەكتر تاقی دەكەنەوە، پاش ئەوەش چۆنییەتی ڕازیكردنی كورد و سوننە دەست پێ دەكات و لەو كاتەشدا یەكلاییكردنەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و كۆمار دێتە پێش.