کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح کۆبوونەوەى جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردى زەرگەتە دەستى پێکرد، ئەندامێکى جڤاتى گشتیی بزوتنەوەکەش دەڵێت، کۆبوونەوەکە بۆ بڕیاردانە لەسەر میکانیزمی دیاریکردنی کاندیدەکانی گۆڕان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکان. . پێشڕەو ڕەئوف، ئەندامی چفاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەی ئەمرۆی جڤاتی نیشمانیی کۆبوونەوەیەکى گرنگ دەبێت، بڕیار لەسەر میکانیزمى دیاریکردنى کاندیدەکانی پۆستە وەزارییەکان دەدرێت". . "دەبێت ئەمڕۆ جڤاتى نیشتیمانى ئەو میکانیزمە یەکلا بکاتەوە، هەروەها بریاریشە ئەمە دوا کۆبوونەوەی جڤاتى نیشتیمانیى بێت سەبارەت بەو پرسە"، پێشڕەو ڕەئوف واى وت. . ئاشکراشیکرد، لەبارەى چۆنییەتى دیاریکردنى کاندیدەکانى گۆڕان، جڤاتى گشتى سێ سیناریۆی پیشنیازکردووە بۆ جڤاتى نیشتمانی، ڕونیشیکردەوە: "سیناریۆی یەکەم ئەوەیە یەکلاکردنەوەى کاندیدەکان لەڕێی دەنگەدانی هەردوو جڤاتەوە بێت، سیناریۆی دووەمیش ئەوەیە 10 کەس لە هەر جڤاتێک هەڵبژێردرێت و ئەوان بڕیار لەسەر یەکلاکردنەوەی کاندیدەکان بدەن، سیناریۆی سێیەمیش ئەوەیە ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەراندن لەڕێگە لێژنەیەکی باڵاوە دوا بڕیار لەسەر یەکلاکردنەوەی کاندیدەکان بدەن". . ئەو ئەندامەى جڤاتى گشتى ئاماژەى بەوشەکرد، 40 کەس پاڵێوراون بۆ ئەو چوار پۆستە وەزارییەى کە پشکى گۆڕانە، کە نوێنەرى هەموو شارەکانى تێدایە، جەختیشی کردەوە، کۆبوونەوەکەی ئەمرۆى جڤاتى نیشتیمانى تەنها بڕیاردانە لەسەر میکانیزمی دیاریکردنی کاندیدەکان بۆ ئەو پۆستانە، نەک یەکلاکردنەوەی ناوی کاندیدەکان.. . .