گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە ھەولێرەوە بۆ کۆشکی ھوبەر

كونسوڵێكی توركیا پشت پەردەی یەكەم سەردانی بارزانی بۆ وڵاتەكەی ئاشكرا دەكات

2021.10.31 - 22:19
App store icon Play store icon Play store icon
كونسوڵێكی توركیا پشت پەردەی یەكەم سەردانی بارزانی بۆ وڵاتەكەی ئاشكرا دەكات

ناس کورد-

ئایدن سەلجەن، یەکەم کونسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان وردەکاریی و پشت پەردەى یەکەم سەردانى هەشت ساڵ لەمەوبەرى مەسعود بارزانى بۆ تورکیا ئاشکرادەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەلجەن، ساڵی 2019 کتێبێکی نووسیوە دەربارەی دوو ساڵەکەی لە هەولێر و چەند بابەتێکی تر، کتێبەکەی گەشتووەتە چاپی سێیەم. یەکێک لە بابەتەکانی کتێبەکە کردنەوەی کونسوڵخانە و سەردانەکەی مەسعود بارزانییە بۆ تورکیا لە دوای هەشت ساڵ. ئەو بەشەى کتێبەکە توێژەر عەدنان ئەحمەد وەریگێڕاوە و یەكەمجارە "ناس كورد" بڵاوی دەكاتەوە.



سەردانەکەی بارزانی

سەلجەن کە بە درێژایی کتێبەکە بە رێزێکی زۆرەوە باسی مەسعود بارزانی دەکات، بەم جۆرە باسی کردنەوەی کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر و سەردانەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێم دەکات بۆ تورکیا؛

 

"کردنەوەی کونسوڵخانەی تورکیا رێک لەناوەڕاستی دەریای ئەو ناکۆکییانەدا بوو کە چارەسەر نەکرابوون (کێشە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە پێش 2010). واتە بەرواری 10ی ئازاری 2010 کە پێم خستە خاکی هەولێر.

 

کە رووم لە هەولێر کرد، ئامانجی ناواقعی وەک چارەسەرکردنی کێشەی کوردم بۆ خۆم دانەنا، لەبری ئەوە چەند ئامانجێکی مەلموسم دانا، لەوانەش؛ دەستپێکردنی گەشتەکانی هێڵی فڕۆکەوانی تورکیا، کردنەوەی لقی بانکە دیارەکانی تورکیا، ئاسانکاری ڤیزا و رێکخستنەوەی دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیل و دروستکردنی پردی پەیوەندی دیکە.

 

یەکێک لە ئامانجەکانم رێکخستنی سەردانی مەسعود بارزانی بوو بۆ تورکیا کە هەشت ساڵ بوو نەهاتبووە تورکیا، دەمویست ئەم ئامانجە لە سێ مانگی یەکەمی کارەکەم ئەنجام بدەم، لە راستیشدا لە سێیەم مانگی ئەرکەکەمدا (کونسوڵی تورکیا لە هەولێر) بە ئامانجەکەم گەیشتم و سەردانی رەسمی مەسعود بارزانیم بۆ ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ بە سیفاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێکخست.

 

هەموان شڵەژاو بوون، منیش لەگەڵ وەفدی میوان بەو فڕۆکە تایبەتەی ئامادەکرابوو، لە هەولێرەوە بەرەو ئەنقەرە بەڕێکەوتم. بارزانییەکان تەنها وەرگێڕی تورکییان لەگەڵ نەبوو، بەڵکو وەک هەمیشە و لەناو وەفدەکەیاندا د. عەبدولسەلام هەبوو کە بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێم بوو لەگەڵ تورکیا و وەرگێڕانی تورکی و کوردیشی بۆ وەفدی کوردی دەکرد.بەر لە چوونمان بۆ تورکیا چەند کۆبوونەوەیەکم لەگەڵ وەفدی کوردی ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەیەکیاندا بە کاک مەسعودم وت، لە کۆبوونەوەکەتاندا لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، وەزیری دەرەوە قسەکانی پێببڕن(سەلجەن لە شوێنێکی تری کتێبەکەیدا باسی زۆربڵێیی داودئۆغڵو دەکات)، کاک مەسعود کە هەستەکانی زۆر دەرنەدەبڕی، چاوەکانی گەورەتر لە ئاساتی سروشتی خۆی کردەوە و وتی"من چۆن قسە بە وەزیر دەبڕم، پەروەردەم رێگە بەمە نادات."

 

لە دواین ساتەکاندا، لایەنی ئێمە وتیان وەرگێڕانی کۆبوونەوەکە تورکی-عەرەبی دەبێت و ئەمەم بە وەفدی میوان گەیاند، دواتریش پێیان راگەیاندین کە کۆبوونەوەکە لەگەڵ عەبدوڵا گویلی سەرۆک کۆمار لە ئەنقەرەوە گواستراوەتەوە بۆ ئیستانبوڵ، بەم جۆرەش کۆبوونەوەکە ناسنامەی گفتوگۆیەکی ناڕەسمی وەرگرت.

 

لە ئەنقەرە هەوڵم دا زۆرترین کۆبوونەوە لەنێوان مەسعود بارزانی و بەرپرسە باڵاکان رێکبخەم، ئامانجیشم لەمە ئەوە بوو راستەوخۆ و وەک خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک وەک ناسناوە بێزراوەکانی وەک (سەرۆک عەشیرەت و تیرۆریست و ئۆجەلانێکی تر). لە کاتی ئەم هەوڵەمدا بەرەوڕووی هەڵوێستی نەرێنی کەسانێک بوومەوە کە دەیانوت "لە ژیانمدا تەوقەم لەگەڵ هیچ کوردێکدا نەکردووە، تکایە مەیهێنە بۆ لای من".

 

لە کۆتاییدا گەشتینە ئیستانبوڵ. وا دانرابوو گویل لە شوێنی مانەوەی هاوینەی لە کۆشکی هوبەر لە ناوچەی تارابایا پێشوازی لە وەفدی میوان بکات، هەر بۆئەوەی کۆبوونەوەکە زیاتر ناڕەسمی بێت، بەوەوە نەوەستان و کاتەکەشیان خستە رۆژی یەکشەممە (لە تورکیا شەممە و یەکشەممە پشووە).رێک ئەو کاتەی لە هۆتێلەوە دەرچووین، حسێن عەونی کارسلیئۆغڵو، بەڕێوەبەری قەڵەمی تایبەتی سەرۆک کۆمار تەلەفۆنی بۆ کردم، بە تۆنێکی رەق وتی، "با هاوڕێکانی نەیەن"،  منیش وتم، بەڕێزم ئەو کەسانەی تۆ باسیان دەکەیت نەیەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری و د، فواد حسێنە. وتی، "من ئەمانە نازانم، ئیشی تۆ ئەوەیە پێیان بڵێیت بە تەنیا بێت". بە بێزاری و شەرمەوە داواکارییەکەم بە وەفدەکە وت، مەسعود بارزانی دڵی دامەوە و باسی لە گرنگی باشبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی بۆ کردم.

 

لەم قسانەدا بووین زەنگی تەلەفۆنەکەم لێیدایەەوە و پێیان وتم کە وەرگێڕانی کۆبوونەوەکە کوردی و تورکی نابێت، بەڵکو عەرەبی و تورکی دەبێت، ئەمجارە داواکارییەکەم بە وەفدی میوان نەوت و خۆم رەتم کردەوە و ناڕەزایەتیم دەربڕی، وتم دەبێت ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە زۆر روون بێت و بۆ ئەم مەبەستەش وەک لە گفتوگۆ رەسمییەکاندا هەیە، دەبێت بە زمانی دایکیی وەفدی میوان وەرگێڕان بکرێت، هەر واش بوو، لەم بابەتەدا نەرمی نواندن روویدا، بەڵام سوپرایزەکان هەر بەمەوە نەوەستا، لە رێگادا بووین بەرەو کۆشکی هوبەر، زەنگی تەلەفۆنەکەم لێیدایەوە، دیسان کارسلیئۆغڵو بوو، وتی لەبەرئەوەی کۆبوونەوەکە ناڕەسمییە، پێویستە هیچ لایەکیان بۆینبایەخ نەبەستن، تەلەفۆنەکەم داخست و داواکارییەکەم بە بارزانی وت کە لە تەنیشتمدا دانیشتوو. مەسعود بارزانی رووی تێکردم و وتی، "سەرۆک کۆماری تورکیا بە هەرشێوەیەک خۆی دەیەوێت دەتوانێت پێشوازیم لێبکات، ئەو خاوەن ماڵە و ئەمە بە تەواوی هەڵبژاردنی خۆیەتی، بەڵام من بەبێ بۆیبایەخ ناچمە بەردەم سەرۆک کۆماری تورکیا"، ئەم وەڵامەم بە کارسلیئۆغڵو وت، دیار بوو وەڵامەکەی بارزانی بێتاقەتی کردووە. کە گەیشتینە کۆشکی هوبەر، بینیم سەرۆک کۆماریش بۆینبایەخی بەستووە، هەردووکیانمان لە باخچەکەدا بەجێهێشت و دوو بە دوو مانەوە.

 

یەکێک لەو شتە گرنگانەی تۆمارکردنیان بەنرخە، ئەوەیە لەم کۆبوونەوانەدا کە لایەنی کوردی دەیوت کوردستان، وەرگێڕە تورکەکە بە "باکوری عێراق" وەریدەگێڕا، کە لایەنی تورکیش دەیوت باکوری عێراق، وەرگێڕە کوردەکە بە کوردستان وەریدەگێڕا. ئەمە بەر گوێمان دەکەوت، بەڵام بەر مێشک و عەقڵمان نەدەکەوت و بۆمان هەزم نەدەکرا.